باڵیۆزخانەی ئەمەریکا: گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵگەی پشتیوانی دیپلۆماسی لە بەغدا

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، گرووپە لایەنگرەکانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە "هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی پشتیوانی دیپلۆماسی لە بەغدا"، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش جەختی لەوە کردەوە کە "مافی ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات".
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئەیلوولی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ڕۆژی سێشەممە 10ـی ئەیلوول، هێرش کرایە سەر کۆمەڵگەی پشتیوانی دیپلۆماسی لە بەغدا کە دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی ئەمەریکییە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بەگوێرەی بەڵگەکان هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە کراوە، کە بە ئازادی لە عێراق کاردەکەن".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، حکوومەتی عێراق چەندین جار پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و هەروەها ئەو کارمەندە سەربازییانەی ئەمەریکا دەربڕیوە کە لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەن. جارێکی دیکە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، دیپلۆماسەکان و هاوپەیمانییەکان بپارێزێت.
جەختیشی کردەوە، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمان و پاراستنی تاکەکانمان لە هەر شوێنێکی جیهاندا هەیە.
لە دوای شەڕی غەززە، گرووپەکان زیاتر لە 70 جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێرا و سووریا، لەبەرامبەریشدا ئەمەریکا چەندین جار هێرشی توندی کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان.