توێژه‌رێکی سیاسی: ڕه‌وتی سه‌در ده‌گه‌ڕێته‌وه پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و بەشداری هەڵبژاردن دەکات

موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر

دوای زیاتر لە دوو ساڵ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی، ڕه‌وتی نیشتمانی شیعه‌ی موقته‌دا سه‌در پێده‌چێت به‌دوای ده‌رگایه‌كدا بگه‌ڕێت کە لێیه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی بڕیاره‌ له‌ کۆتایی ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

عێراقییه‌كان له‌چاوه‌ڕانی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان و جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌و ڕه‌وته‌دان، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ تائێستا ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانی شیعه‌ نیازی خۆی بۆ ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ سیاسییه‌ی خه‌ڵك چاوه‌ڕێیه‌تی، ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت ڕه‌وته‌كه‌ی سه‌در كێبڕكێكارێكی سه‌رسه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق بێت.

له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان بۆ ناو پرۆسه‌ی سیاسی، عیسام فه‌یلی، شرۆڤه‌كاری سیاسی بۆچوونی وایه‌، پرۆسه‌ی سیاسی پێویستی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كانه‌ كه‌ خاوه‌نی بنكه‌یه‌كی فراوانی جه‌ماوه‌ریین. هه‌ندێك لایه‌نی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تائێستا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سه‌در به‌رده‌وامه‌، به‌و ئامانجه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌در هاوپه‌یمانێتی ببه‌ستن، هه‌روه‌ها هێزه‌ سوننییه‌كانیش هه‌ست به‌ بۆشایی نه‌بوونی سه‌درییه‌كان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كان، مافیان پێنه‌دراوه‌.

هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتێكدایه‌، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌گوێره‌ی یاسای نوێی سانت لیگۆ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن لە 83 بازنه‌وه‌ بۆ 18 بازنه‌ گۆڕدرا، بۆیه‌ ئێستا پێشنیازی هه‌مواری نوێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت، به‌وه‌ی سیسته‌می سانت لیگۆی 1.7‌ ـه‌وه‌ بۆ 1.9 بگۆڕدرێت‌، ڕه‌وتی سه‌دریش ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی به‌دڵه‌ و به‌شێك له‌ هێزه‌ شیعه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش له‌گه‌ڵیدان، ئامانجی هه‌مواره‌كه‌ش بۆ سنوورداركردنی لایه‌نگرانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا.

هاوكات، ناسر دوره‌ید، توێژه‌ری كاروباری سیاسی عێراق ده‌ڵێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌وتی سه‌در ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌و به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌كات، كه‌ بڕیاره‌ کۆتایی ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، سه‌درییه‌كان چاویان له‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێننه‌وه و حكوومه‌ت پێكبهێنن‌ كه‌ ساڵانێكه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن. به‌گوته‌ی دوره‌ید، سه‌در بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار هاوپه‌یمانی ببه‌ستێت، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ تاكه‌ نوێنه‌ری شیعه‌كان بێت له‌ حكوومه‌تی داهاتوودا و جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانی پێشوویدا هاوپه‌یمانی ببه‌ستێته‌وه‌.