شرۆڤەکارێک: کوردستان لە ڕووی سیاسی و بازرگانییەوە پێگەیەکی بەهێزی هەیە
"هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا"

شرۆڤەکارێکی سیاسی لە تاران ڕایگەیاند، کوردستان لە ڕووی سیاسی و بازرگانییەوە پێگەیەکی بەهێزی هەیە، بۆیە ئێران بەچاو هەرێمی کوردستان دەبینێت.
ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئەیلوولی 2024، د. محەممەد حوسێن، شرۆڤەکاری سیاسی لە تاران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، د. پزیشکیان دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری بە شێوەیەکی باش ورد بووەتەوە لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، هاوکات هەوڵی ئەوەش دەدات پەیوەندییەکی باشی هەبێت بەتایبەت ئەو پەیوەندییانەی کە پێشتر کێشەیان تێکەوتبوو.
ئەو شرۆڤەکارە دەربارەی عێراق دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هاوبەشێکی سیاسی گرنگ لە عێراق دەڕوانێت، هاوکات بە هاوبەشێکی ستراتیجی دەیبینێت، جگە لەوانە برایەتی ئایینی هەیە، لەسەر ئاستی باڵاشدا لێک نزیکبوونەوەیەکی دیار لە ڕووی کلتووری و ئایینییەوە هەیە، بۆیە ناتوانین باسی ئێرانێکی بەهێز بکەن، ئەگەر بێتو عێراق بەهێز نەبێت.
دەشڵێت: وەک دەزانرێت ئەگەر بەغدا دڵی عێراق بێت، کوردستانیش چاوی عێراقە، بۆیە لە ناوخۆی عێراقدا هەرێمی کوردستان لایەنێکە، هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی گرنگی عێراقە بۆیە ناتوانرێت لەیەکتر جیا بکرێنەوە.
ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی: ئەوەی لە عێراقدا هەیە لە هەرێمی کوردستانیشدا هاوبەشییەکی گرنگ هەیە، بە تایبەت لە ڕووی قەبارەی بازرگانییەوە لە ڕووی ستراتیجییەوە شتێکی دیارە بۆیە ئێران لە دڵەوە سەیری عێراق دەکات و لە چاویشەوە هەرێمی کوردستان دەبینێت، لە ڕووی مێژووی و جیۆپۆلەتیکیشەوە هەروایە.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافیاوە پێگەیەکی گرنگی هەیە، هەر وەک بەغدا و بەسرە، بۆیە شتێکی ئاساییە ئەگەر سەرۆککۆماری ئێران، سەردانی کوردستان بکات، هەروەک بینیشتان بۆ ڕاگەیاندنەکان و لەگەڵ بەرپرسانی کوردستانیشدا بە کوردی قسەی کرد، هەروەها لە دیداری ئایندەدا بە زمانی کوردی قسە دەکاتەوە.
باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە لە ڕووی بازرگانییەوە، هاوکات خەڵکەکەشی بە شۆڕشگێڕی ناسراون، ئێمە وەک خەڵکی ئێران لە دوو گۆشەی جیاوازەوە سەیری خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، یەکەمیان شۆرشگێڕی هاوبەشە، کە ئەوە تایبەتمەندییەکی گرنگی نەتەوەییە، ئەمە گرنگییەکی باشی دروست کردووە، گەلی کورد گەلێکی شۆڕشگێڕە. دووەمیان بازرگانییە؛ کە لە ڕووی بازرگانیشەوە زۆر گرنگە بۆ ئێران.
د. محەممەد حوسێن ڕاشیگەیاند، "بانگهێشتکردنی سەرۆک بارزانی بۆ تاران بە واتای کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە، پەیوەندی نێوان هەرێم و ئێران هەبوو، بەڵام ئەو پەیوەندییە بەپێی پێویست نەبوو، ئێستە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بگاتە ئاستێکی باڵا تر لە تەواوی کەرتەکاندا، لە ڕووی نێودەوڵەتی، ناوچەییەوە، بۆیە کاتێک باسی کورد دەکەین، نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە تەواوی ناوچەکاندا کورد فراوان بوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کاتێکیش باسی گرنگترین ناوچەی کوردیش دەکەین، یەکسەر سەرنجمان بۆ هەرێمی کوردستانە. لە ڕووی سیاسییەوە پێگەیەکی بەهێزی هەیە بۆیە ئێران توانیوویەتی پردێکی باش دابنێت لەگەڵ سیاسەتی کورد و هەرێمی کوردستان، لە هەوڵی ئەوەشدایە ئەو پەیوەندییە زیاتر بەرەو پێشەوە ببات".
ڕۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.
سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
هاوکات ڕۆژی چوارشەممە، 11-09-2024، پزیکیشیان گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبیی عێراق کۆ بووەوە.