سەرۆککۆماری ئێران کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هێنا

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوەی سەردانی پارێزگای بەسرەی کرد، لەوێدا گەڕایەوە بۆ تاران و کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا.

هەینی 13ـی ئەیلوولی 2024 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران وەک دوا وێستگەی سەردانەکەی بۆ عێراق سەردانی پاریزگای بەسرەی کرد، دواتر کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا و گەڕایەوە بۆ تاران، ناوبراو بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوو.

چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەی نێوان سوودانی و پزیشکیان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی پێ کرابوو، "گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک دۆسیە و بابەتی گرنگ و هاوبەش بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکاریی و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات، کرا".

ڕۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

دواتر سەرۆککۆماری کۆماری ئێران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێم کۆ بووەوە. دواتریش بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.