خانووەکەی مەلای گەورە نۆژەن دەکرێتەوە

کەسوکاری مەلای گەورەی کۆیە، خانوەکەی مەلای گەورەیان بەخشیە وەزارەتی شارەوانی، فەرمانگەی شوێنەواری کۆیەش بە گوژمەی 164 ملیۆن دینار، وەک خانوێکی کەلەپوری دەستی بە نۆژەنکردنەوەی خانوەکەی مەلای گەورە کرد، لە داهاتوودا کەلوپەل و پێداویستییەکانی مەلای گەورەی تێدا دادەنرێ تا گەشتیاران سەردانی بکەن .

مەلا محەممەد کوڕی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە ، ناسراوە بە مەلای گەورەی کۆیە، پیاوێکی ئاینیی ناوداری کوردستان بووە و قازی و موفتی کۆیە و ئەندامی ئەنجوومەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بووە.

ماڵەکەی مەلای گەورەی کۆیە، سەردەمانێک ئەو ماڵە شوێن کۆڕ و کۆبوونەوەی زانایانی ئاینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بووە، ئێستە داروبەردی خانوەکە بەسەریەکدا داڕماوە و دەیان تۆن پیسی و پاشماوەی لێ فڕێدراوە، وەزارەتی شارەوانی لە ڕێگەی فەرمانگەی شوێنەواریی کۆیە پلانی هەیە خانوەکە نۆژەن بکاتەوە و بەرگی سەردەمی مەلای گەورە بکاتەوە بەبەر خانوەکەدا و لە قۆناغی دواتردا پێداویستیی و هەر شتێک لە مەلای گەورە بەجێ ماوە و ماوەتەوە لەوێ دابنرێ تا گەشتیاران بیبینن.

یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواریی کۆیە بە کوردستان24ی گوت: بەداخەوە ئێمە تا ئێستە شوێنێکمان نەبوو تا وەکو مۆزەخانەیەکی کەلەپووری هەم دەستنووسەکانی مەلای گەورە و هەمیش ئەو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو سەردەمە کە مەلای گەورە و مەسعوود محەممەدی کوڕی بەکاریان هێناون، لێ دابنێین و لەوێ پێشوازیی لە میوانان بکەین.

خانووەکەی مەلا گەورە لە کۆیە، دەکەوێتە گەڕەکی بایزئاغا، یەکێکە لە کۆنترین گەڕەکەکانی کۆیە، خانوەکە بە بەرد و گەچ لەسەر شێوازی ئەندازیاری و تەلارسازی کۆن بە دوو نهۆم دروست کراوە، حەوشەیەکی گەورە و ئاوپرژەیەک لەناویدا. خانووەکە لەسەر شێوازیی تەلاسازییە کۆنەکە نۆژەن دەکرێتەوە.

لەوبارەوە هێمن نوعمان، شوێنەوارناس دەڵێت: هەوڵ دەدەین گشت بەشەکانی خانووەکە بە شێوازی ڕەسەنی خۆی نۆژەن بکەینەوە.

جگە لە خانووەکەی مەلای گەورە، فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە پێشتر چەند خانوێکی تری نۆژەن کردووەتەوە و پلانی بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند خانوێکی تریش هەیە.

 مەلای گەورە لەبەر زانایی و شارەزایی لە زانستە ئیسلامییەکاندا، نازناوی مەلای گەورەی پێ دراوە. پیاوێکی ئاینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مەزن بووە. موفتی و قازی کۆیە بووە، ئەندامی ئەنجوومەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بووە و 15 کتێبی لە بوارەکانی ئاینی، ئەدەب، کۆمەڵایەتیدا نووسیوە.

Fly Erbil Advertisment