بە گوێرەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا ڕەوانە بكرێت

وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف
وەرگرتنی مووچە لە بانک - وێنە: ئەرشیف

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر دابینكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ڕێككەوتوونە و بە گوێرەی ڕێككەوتنەكە دەبێت مانگانە مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا ڕەوانە بكرێت.

فەرمانبەرانیش خۆشحاڵن و دەلێن پێویستە حكومەتی فیدراڵ پرسی مووچە تێكەڵی پرسە سیاسییەكان نەكات، شارەزاییەكی ئابووریش دەڵێ "ھیچ بیانووییەك بۆ حكومەتی فیدراڵ نەماوە و پێویستە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكات".

21 ساڵە لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەل و پەلی خۆراکی هەولێر فەرمانبەرە، هیوا ڕۆژانە ئەرکی، ڕێکخستنی کۆگاکانی خۆراکی شارەدێی قوشتەپەیە، وەک هەموو فەرمانبەرێک موچەی دواکەتووە و بەردەوامیشە لە کاركردن، ئەو لەو باوەرەدایە موچە مافێكی سەرەكییە بۆ ژیان و دەبێت لە کاتی خۆیدابەشبکرێت و خۆشحاڵە بە ڕێككەوتنی ھەردووك حكوومەت کێشەی موچەخۆران چارەسەر کراوە.

هیوا رەشید، فەرمانبەریی حکووومەتە و لەوبارەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مووچە وەسیلەی ژیانە و بووژانەوەی وڵاتە، دابینکردنی لەکات و ساتی خۆیدا کارێکی چاکە، بەڵام ئەگەر حکوومەتی عێراقی کێشەی بۆ دروست نەکات.

حکوومەتی هەریمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەران سەرجەم پابەندییەکانی جێبەجێکردوە، بەو جۆرەی شارەزاییەكی ئابووری باسی دەکات، ئەگەر کێشەیەک بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران روبدات، ئەوە تەنیا بیانوگرتنە لە لایەن حكوومەتی فیدراڵیەوە ئەگینا كێشەكان چارەسەركراون.

ڕامیار ڕزگار، شارەزای ئابووری دەڵێت: کاری ژمێریاری وایە کە حیساباتی خۆی دەکات، لیژنەی وردبینیکردنی هەیە، ئەگەر کەمووکوڕیەک هەبی لێژنەکە ڕاپۆرتی خۆیان دەنووسن و دواتر پێداچوونەوە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ناکرێت پێش ئەوەی لێژنەی وردبینکردن کاری خۆیان تەواو بکەن، بیانوو بگرن و شایستە داراییەکان ڕابگرن، هەروەها مووچە مافی مووچەخۆرانە و دەبێت لە کاتی خۆیدا پێی بدرێت، بۆیە ئەگەر ناوێکی دووبارە یان کێشەک هەیە ئەکرێت موچەکانی وان بە تەنیا ڕبگیرێت.