نەبەز ئیسماعیل: هاوکاریی مامۆستایانی ئاینیی خۆبەخش بەشێوەی مانگانە دەبێت

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕە مووچەیەکی مانگانەی بۆ ئەو مامۆستایانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو بەشێوەی خۆبەخش خزمەتی مزگەوتەکان کردووە دەستنیشان کردووە.

شەممە، 14ـی ئەیلوولی 2024، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، بەخەم و پەرۆشەوە بووە بۆ ئەو مامۆستایانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لەلای ئێمە بەشێوەی خۆبەخش خزمەتی مزگەوتەکان کردووە و پێش نوێژی و وتاریان خوێندووەتەوە و هەوڵی داوە هاوکارییان بکات، هەرچەندە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی چەندان جار هاوکاری کردوون، بەڵام بەشێوەی مانگانە نەبووە تاکوو وەکوو مووچە هەژمارییان بکەین.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی لە ماوەی ڕابردوودا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات، نەتوانرا بە شێوەی مانگانە ئەو یارمەتییە داراییەیان پێشکەش بکرێت، بەڵکو ماوە ماوە پێیان دراوە. لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، پرۆژەیەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایانەی لەلای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی وتار دەخوێننەوە لە مزگەوتەکان و مزگەوتییان هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕە مووچەیەکیان بۆ دەستنیشان بکات، تاکوو دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەچێت و مافەکانیان زیاتر بۆ دابین دەکرێت.

دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی زۆر کورت، وەڵامی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی دایەوە. ئەو بڕە مووچەیەک "مینحە" بۆ ئەو مامۆستایانە دەستنیشان کرد کە هیچ مووچەیەکیان نییە. ئەویش بە دوو مەرج، یەکەمیان نابێت هیچ مووچەیەکی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت، دووەمیش مەرجە ئەو مامۆستایە مزگەوتی هەبێت و وتار بدات، ئەمە مەرجی ئێمە بوو بۆ ئەوەی کاری خۆی بکات.

نەبەز ئیسماعیل ڕاشیگەیاند، "ژمارەی ئەو مامۆستایانەش لە هەرێمی کوردستان لە هەزار و 500 زیاترە و ئەو مامۆستایانەن کە هیچ مووچەیەکیان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی دەستی بە پۆڵێن کردن کردووە، بۆ ئەوەی مافی کەس نەخورێت ئێستە پۆلێن کردنەکە لە قۆناغەکانی کۆتاییە، بڕە مووچەکەش لە مانگی ئەیلوولەوە هەژمار دەکرێت".

Fly Erbil Advertisment