ڕیاڵ مەدرید هەمان رێگەی ئێمباپێ بۆ گواستنەوەی دەیڤز پەیڕەو دەکات

ئالفۆنسۆ دەیڤزی یاریزانی بایرن میونشن
ئالفۆنسۆ دەیڤزی یاریزانی بایرن میونشن

ڕیاڵ مەدرید گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی گواستنەوەی ئالفۆنسۆ دەیڤزی یاریزانی بایرن میونشنی ئەڵمانی، کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە ڕیاڵ مەدرید هەمان رێگەی ئێمباپێ بۆ گواستنەوەی دەیڤز پەیڕەو دەکات و یاریزانە کەنەدییەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە پێش ئەوەی پەیوەندی بە مێرێنگی بکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیڤز بەرگەی فشارەکانی بایرنی گرتووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و مانگی یەکی 2025 بەگرێبەستی ئازاد دەتوانێت بچێتە ڕیاڵ مەدرید، یاریزانە کەنەدییەکە و یانە شاهانەکە پێش چەند مانگێك لەسەر هەندێك وردەکاریی ڕێککەوتوون.

ئاس خاڵێکی دیکەی باس کردووە و نووسیویەتی "دوای ئەوەی ڕیاڵ مەدرید ئەم هاوینە 25 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی بایرن میونشن کرد بۆ دەستبەرداربوونی یاریزانەکە بەڵام ڕازی نەبوون، بۆیە یانە ئیسپانییەکە بڕیاریدا ئەم ستراتیجە جێبەجێ بکات".

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ڕیاڵ مەدرید لەبەر ڕێزگرتن لە بایرن میونشن، ئێستا گرێبەستی دەیڤز ڕاناگەیەنێت، چونکە هەردوو یانەکە پەیوەندی و ڕێزێکی زۆر لە نێوانیان هەیە.

ئالفۆنسۆ دەیڤزی کەنەدی تەمەنی 23 ساڵە و یاریزانی بایرن میونشی ئەڵمانییە، بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 50 ملیۆن یۆرۆیە.