بڕوا ئەرسەلان: تەکنەلۆجیا سوودی بە میوزیک و گۆرانی کوردی نەگەیاندووە

گۆرانیبێژ بڕوا ئەرسەلان ڕایگەیاند، تەنیا لە گۆرانییەکدا بۆ پێشمەرگە، لەگەڵ دوو هونەرمەندی تر گۆرانی دووقۆڵیم گوتووە. هەروەها زیاد ئەسعەدیش بە قوتابخانەی هونەری کوردی دەزانێت.
بڕوا ئەرسەلان لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر پرسی میوزیک وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردستان24 دەداتەوە.
گۆرانی دووقۆڵیت هەیە؟
بەڵێ، بەڵام تەنیا لە گۆرانییەکدا کە بۆ پێشمەرگە لەگەڵ دوو هونەرمەندی تر گۆرانیم بە دووقۆڵی گوتووە.
سەرسامی کام گۆرانیبێژی کوردی؟
ئێمە ئێستە گۆرانیبێژی زۆر باش و دەنگخۆشمان هەیە، کە جێ پەنجەیان لەنێو هونەری کوردیدا دیارە، بەڵام من هەر لە منداڵییەوە، گوێگرێکی سەرسەختی هونەرمەند زیاد ئەسعەدم، بۆ هەمیشە زیاد ئەسعەد بە قوتابخانەی هونەری کوردی دەزانم.
دەتەوێت چی پێشکەش بە هونەری کوردی بکەیت؟
دەمەوێت لەڕێگەی هونەرەکەمەوە خزمەت بکەم و ئەوەی لەتوانام دابێت بتوانم لەڕێگەی گۆرانییەوە پێشکەشی بکەم، دەمەوێت هونەری کوردی لە لووتکەدا ببینم، بێگومان هەموو کارێکیش پێویستی بە ماندووبوون و قوربانیدانە، هەر کارێک گەر بتەوێت لەڕیزبەندی پێشەوە بێت دەبێ بەباشترین شێوە کاری لەسەر بکەیت، گەر بتەوێ کارێکی هەڕەمەکی بکەیت، بەدڵنیاییەوە کارەکە سەرکەوتوو نابێت و شکست دەهێنێت، بۆیە هەر کارێک بتەوێ بیکەیت، دەبێ تەواو خۆت بۆی ئامادە بکەیت، بۆ ئەوەی باشترین پێشکەش بە گوێگرانت بکەیت.
مۆرکی ڕەسەنایەتیی کوردی لەکارە هونەرییەکاندا، هەست ناکەیت بەڕێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە؟ هۆکەی چییە؟
بەدڵنیاییەوە وایە، ئەویش هۆکەی خۆمانین، چونکە ئێمە بەهەموو شتێکی دەرەوە سەرسامین، هەر ئەو سەرسامیەشە وای لە ئێمە کردووە کە کاریگەری هەبێت لە سەرمان و لەزۆربەی ئاوازەکاندا هەر پەنا بۆ ئاواز و مۆسیقای بیانی دەبەین، لەکاتێکدا ئێمە دەیان ئاوازدانەری زۆرباشمان هەیە، کە ئاوازەکانیان لەدەرەوەش دەنگدانەوەی باشی هەیە، بەڵام وەکو گوتم، کاریگەری و سەرسامیی بە ئاواز و مۆسیقای بیانی وای کردووە کە پەنا بۆ ئاوازی خۆماڵی نەبەین.
تەکنەلۆجیا چەند سوودی بە میوزیک و گۆرانی کوردی گەیاندووە؟
من پێم وانییە کە تەکنەلۆجیا سوود بە میوزیکی کوردی بگەیەنێت، چونکە هونەری کوردی بەداخەوە بەشێوەیەکی گشتی هەوڵی ئەوە نەدراوە مۆدێرن بکرێت، هەروەها تەکنەلۆجیا دەنگی ڕاستەقینەی هونەرمەندەکە دەشارێتەوە، کە زۆر لەدەنگە ڕاستەقینەکەی خۆی دوورە، بۆیە بەبڕوای من تەکنەلۆجیا زیانی لە هونەری کوردی داوە نەک سوودی پێ گەیاندبێت.
پڕۆژەی نوێت چییە؟
ئێستە خەریکی تۆمارکردنی چەند کارێکم، بەڵام تا ئەو کارانەم بەشێوەیەکی درووست بیریان لێ نەکەمەوە و بڕوای تەواوم پێی نەبێت کاریان لەسەر ناکەم.
گۆرانیبێژ بڕوا ئەرسەلان، دانیشتووی ڕەواندزە و دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی ڕەواندزە و هەروەها دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەددینە. خاوەنی پێنج بەرهەمی هونەرییە و بە شێوازی ئەرەبیسک و پۆپ گۆرانی دەڵێت.