ڤاڵا فەرید: سیاسەتی سەرۆکوەزیران، حکوومەتەکانی بەغدای ناچار کردووە پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە و توانیەتی بەسەر ئەو قەیرانانەدا زاڵ بێت کە لە تەمەنی کارکردنیدا ڕووبەڕووی بوونەوە. سەرۆکوەزیرانیش هەمیشە دووپاتی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئەو مافانەی بەگەلی کوردستان دراوە، سازشیان لەسەر ناکرێت و داکۆیکاری دەبین.
د. ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەم سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، سەرکەوتنەکەش ئەوە بوو توانی بەسەر ئەو قەیرانانەدا زاڵ بێت کە لە ماوەی کارکردنیدا ڕووبەڕووی بوونەوە .
گوتیشی: گرنگترین قەیران کە ڕووبەڕووی ئەو حکوومەتە بووەتەوە، بریتی بووە لە قەیرانی کۆرۆنا، دوای ئەویش ئەو ململانێ سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووریەی کە لەگەڵ بەغدا دەستی پێ کرد، کە ئێستا پەیوەندییەکان باش بوونەتەوە، ئەوەش بە خۆڕاگریی کابینەی نۆیەم و بەدیاریکراوی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بووە، کە بە بەردەوامی لە پەیوەندیی دابووە لەگەڵ بەغدا و شاندی دانوستانکار، بەمەش توانرا تا ڕادەیەکی زۆر ئەو کێشانەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەبوو چارە بکرێن.
ڤاڵا فەرید ئاماژەی بەوەش کرد، دوا کۆبوونەوە نێوان هەردوو لا، بەرهەمێکی زۆر باشی هەبووە، هەروەها دەنگدانەوەیەکی باشی هەبووە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە کێشەکان بەپێی دەستوور چارە بکرێن.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، باسی لەوەش کرد، سەرۆکوەزیران هەمیشە دووپاتی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پێویستە ئەو مافانەی بەگەلی کوردستان دراوە و لە دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقی جێگیر کراوە، ئەوە بەهیچ شێوەیەک سازشیان لەسەر ناکرێت و داکۆیکاری دەبین و مافەکان بۆ خەڵکی کوردستان دابین دەکەین.
جەختی کردەوە، ئەو سیاسەتە نەرمەی لە کوردستان پەیڕەو کراوە لەسەر ئەو مافە دەستووریەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، حکوومەتەکانی عێراقی ناچار کردووە کە بێنە سەرخەت و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە.