دلشاد شەهاب: پارتی سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردن بەدەست دەهێنێت

دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پارتی ئامادەیی تەواوی بۆ هەڵبژاردن کردووە و سەرکەوتنی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەش تۆمار دەکات.

دلشاد شەهاب ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەسەر ئەو بنەمایەی سەرۆک بارزانی داڕێژەری هەڵبژاردنە لە هەرێمی کوردستان، پارتی ئامادەیی تەواوی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و سەرکەوتنی مەزن بەدەست دەهێنێت، ڕاشیگەیاند: زۆر کەس و لایەن قسەیان دژی پارتی کرد، بەڵام پارتی هەمیشە بە بەهێزی مایەوە و بەشێوەیەکی بەهێزتر ئەو ئەزموونەش تێدەپەڕێنێت.

دلشاد شەهاب گوتی: بەشانازییەوە سەرۆک بارزانی یەکەم کەس بووە لەگەڵ ڕاپەڕینی کوردستان، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کردووە و بناغەی پرۆسەی دیموکراسیی لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی داندراوە، لەسەر ئەو بناغەیە هەموو کاتێک پارتی دەستپێشخەریی ئەوەبووە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراسی و جێی باوەڕی خەڵکی کوردستان و جیهان ئەنجام بدریت.

دلشاد شەهاب گوتیشی: پاری سەرکەوتنی گەورە لەو پرۆسەیەش بەدەست دەهێنێت.

یەکشەممە، 01-09-2024، جومانە غەلای، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو، تاوەکوو وردبینی تەواوی بەربژێرەکان تەواو نەکرێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەرناکات. گوتیشی، هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان ڕوون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی ماددییەوە تاوەکوو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.