کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ نایەتە بەغدا

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

چەند ڕۆژێکە لە شاری بەغدا، ئامادەکاریی تەواو بۆ هاتنی شاندی یانەی نەسری سعوودی دەکرێت و هاندەرانیش تامەزرۆی بینینی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگاڵی یانەکە دەکەن، بەڵام لەناکاو هاتنی ئەو یاریزانە بۆ عێراق ڕەت کرایەوە.

هەردوو یانەی شورتە و نەسر لە گەڕی یەکەمی قۆناغی یەکەمی خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا، بڕیارە سبەی دووشەممە لە یاریگای شەعب لە بەغدا، ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە، هاندەرە عێراقیەکان بەهیوای بینینی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی یانە سعوودیەکە، چەند ڕۆژێکە ژمارەیەکی زۆر لە بلیتەکانی یارییەکەیان کڕیوە، بەڵام یانە سعوودیەکە بڵاوی کردەوە، ئەو یاریزانە بەهۆی نەخۆش کەوتنی ناتوانێت گەشتی عیراق بکات، بۆیە هاتنی کریستیانۆ بۆ بەغدا هەڵوەشایەوە.

لە بەیاننامەکەی یانەی نەسر هاتووە '' بەهۆی نەخۆشکەوتنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەو یاریزانە ناتوانیت گەشتی عێراق بکات، لەلایەن تیمی پزیشکی یانەکەیان چەندان پشکنینی پزیشکی بۆ کراوە، لە کۆتاییدا دەرکەوتووە کە ئەو یاریزانە پێویستی بە پشوو هەیە ''.

نەهاتنی ڕۆناڵدۆ ڕەنگە کاریگەری و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا بهێنێت، هەندێک لە سەرچاوەکان بلاویان کردووەتەوە، هۆی سەرەکیی نەهاتنی ڕۆناڵدۆ بۆ عێراق بۆ دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، چونکە پێشتر بڕیار بوو یارییەکە لە کەربەلا بکرێت، بەڵام لەسەر داوای یانەی نەسر و بەهۆی دۆخی ئەمنی، یارییەکە بۆ بەغدا گواسترایەوە.