هاووڵاتییان: هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانە

K24 – هەولێر:

ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان یادی مەولوودی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت بە بەخشینەوە و شیرینی و کۆبوونەوەی فراوان پیرۆز کرا، موسوڵمانانی هەرێمی کوردستان لەیادی مەولوود خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەر دووپات دەکەنەوە.

لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەممەد درودی خوای لەسەر بێت، هاووڵاتییان جارێکی دیکە ئەوە دەدەنەوە بە گوێی جیهاندا کە هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی هەموو ئایینەکانە و ڕێورەسمەکانیان پەیڕەوە دەکەن.

وەک هەر ساڵێکی دیکە و لەم ڕۆژەدا کە دەکاتە 12ـی رەبیعولئەوەلی کۆچی و ساڵیادی هاتنە دوونیای پێغەمبەر محەممەدە دروودی خوای لەسەربێت، موسوڵمانانی هەرێمی کوردستان بەگڕوتینەوە ئەم یادە پیرۆزە زیندوو دەکەنەوە و شیرینی دەبەخشنەوە، هەروەها بەڵێنی سووربوون لەسەر رێباز و پەیمانی پێغەمبەر دەدەن.

لەم بۆنەیەدا دروشم بەدیوار و شوێنە گشتییەکانەوە هەڵدەوەسرێن، تیایدا موسوڵمانان خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت دەردەبڕن، تەنانەت بەشێک لە موسوڵمانەکانی هەرێمی کوردستان لەماڵ یاخود شوێنە گشتییەکان مەولوودنامە دەگێڕن و سەدان کەس بانگهێشت دەکەن.

منداڵانی هەرێمی کوردستان لە گەورەکان بەجۆشترن بۆ زیندووکردنەوەی 12ـی رەبیعولئەوەل و یادی مەولوودی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت، چونکە گەر جارێک ئەم بۆنەیە بۆ گەورەکان خۆشبێت، بەهۆی وەرگرتنی شیرینی خواردنەوە، دە هێندە بۆ منداڵان خۆشە.