نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە نەینەوا کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتی لە نەینەوا، جەخت لە پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکترقبووڵکردن و گیانی لێبوردەیی لەنێو پێکھاتەکاندا دەکاتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، لەگەڵ ھەردوو لقی 14ـی مووسڵ و 17ـی شەنگال و مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرس و ئەندامانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ڕێکخستنەکانی پارتی و ئەرکی حزبایەتییان لە سنووری نەینەوا تاوتوێ کرد، ھەروەھا دەربارەی چالاکییەکانی ھەردوو لقەکە و مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوای پارتی و پێدوایستییەکانیان، بیروڕایان گۆڕییەوە و باس لە بەرنامەی کاریان کرا.
سروشتی سنووری نەینەوا و ھەبوونی پێکھاتەی جیای ئایینی و نەتەوەیی لەو سنوورە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. تیایدا جەخت لە گرنگیی ڕۆڵی ڕێکخستنەکانی پارتی لە پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکترقبووڵکردن و گیانی لێبوردەیی لەنێو پێکھاتەکاندا کرایەوە.
دۆخی سیاسی و ئیداریی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بەو سنوورە، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.