بەڕێوبەری ناحیەی بالیسان: نۆژەنکردنەوەی ڕێگای دۆڵی خۆشناوەتی کارئاسانی بۆ خەڵکی گوندەکان دەکات

نۆژەنکردنەوەی ڕێگای دۆڵی خۆشناوەتی
نۆژەنکردنەوەی ڕێگای دۆڵی خۆشناوەتی

کارکردن لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی ڕێگەی دۆڵی خۆشناوەتی بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێ پێش وەرزی باران، قیرکردنی چینی یەکەمی ڕێگاکە لەو بەشەی لە بالیسانەوە دەست پێ دەکات تا شکارتە کۆتایی پێ بێت.

بەڕێوبەری شارەدێی بالیسان دەڵێ کوالیتیی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکە زۆر باشە بەڵام ڕێگەکە بەناو گوندەکانەوە تێپەڕ دەبێ بۆیە داوامان کردووە بە کامێرا چاودێریی خێرایی شۆفێران بکرێ و وێستگەی کێش بۆ کۆنترۆڵکردنی باری بارهەڵگران دابنرێ .

نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی ڕێگەی دۆڵی خۆشناوەتی، لە شکارتەوە تا بالیسان درێژایی 24 کیلۆمەترە، بەشێکی زۆری کاری نۆژەنکردنەوە کۆتایی هاتووە و ئێستە کارکردن تیایدا بەردەوامە.

ئەو بەشەی ڕێگەکە کە کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا تەواوبووە بۆ شۆفێراندا کراوەتەوە. بەتەواوکردنی ڕێگەکە جگە لەکارئاسانی بۆ گوندنشینانی دۆڵی خۆشناوەتی لەهاتووچۆ و گواستنەوەی بەروبومەکانیان بۆ شارەکان، هاتوچۆی بازرگانی بەرهەڵگران و ئەو شۆفێرانە ئاسانتر دەبێ کە لە نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانی، بە تایبەتی ئیدارەی سۆران و ڕاپەرین هاتوچۆ دەکەن.

مەهدی مستەفا، بەڕێوبەری ناحیەی بالیسان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بارهەڵگرانەی کە کەرەستەی خانوو وەک چەو، لم ، گەچ، باردەکەن لە شارۆچکەی حاجیئاوا دەیهێنن، باری زۆر بار دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێگەکە زوو تێک بچێت، قەپانەکانیش نزیکەی ساڵێکە داخراوە داوامان کردووە قەپانەکە بکەوێتەوە کار چونکە ئەو ڕێگەیە کەرەستەی خانووی پێدا دێت.

دەشڵێت: داواکارین لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، قەپان لە شکارتە کە سەر بە ئیدارەی شارەدێی بێتواتەیە، دابنرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ڕێگایە بەهۆی بار هەڵگرەکانەوە وێران نەبێت .

ئەحمەد مستەفا، گوندنشین، دەڵێت: ئەگەر ئەم ڕێگەیە تەواو بێت ئەوا کار ئاسانی بۆ خەڵکی گوندەکە و ئەوانەشی هاتووچۆ دەکەن دەکات، بوژاندنەوەیەک لەم ڕێگەیە دروست دەبێت، چونکە ئەم ڕێگەیە نەک بۆ خەڵکی گوند بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانەی هاتووچۆیان لەسەر ئەم ڕێگەیە هەیە، گرنگە.

ڕێگەکە باری زۆری بازرگانی و بارهەڵگرانی لەسەرە، پێشتر وێستگەیەکی کێش لە بالیسان هەبووە و ئێستە وەستاوە، ئیدارەی شارەدێی بالیسان داوای بەکارخستنەوەی ئەو وێستگەیە و وێستگەیەکی تری کێشی بارهەڵگران لە سەروچاوە دەکات.

ڕێگەی دۆڵی خۆشناوەتی لە شارەدێکانی بالیسان و بێتواتەوە تێپەردەبێ و پارێزگای سلێمانی و هەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە، بەهاری ئەمساڵ بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار دەست بە فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی کرا و چاوەڕێ دەکرێ پێش وەرزی باران، نۆژەنکردنەوەی تەواو بکرێت.