پەرلەمانتارێک: گرفت لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق نییە
جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دووپاتی دەکاتەوە، "هیچ گرفتێکی ئەوتۆ لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکە نییە، چونکە ڕێککەوتن بۆ مەبەستە لەنێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە".
دووشەممە، 16-09-2024، شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وا بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2016ـی دەزگای شەهیدانی عێراق بدەین، بەڵام جارێکی دیکە دەنگدانەکە بۆ سبەینێ سێشەممە، 17-09-2024، دواخرا.
بە گوتەی کەلاری "هیچ گرفتێکی ئەوتۆ لەبارەی هەموارکردنەوەی یاساکە نییە، چونکە ڕێککەوتن بۆ مەبەستە لەنێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە؛ ڕەشنووسی هەمواری یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە هاتووە و بە کۆی دەنگ پەسەند کراوە".
ئەگەر یاساکە هەموار بکرێتەوە، وەکوو ئەوەی کەلاری باسی کرد، کەسوکاری شەهیدانی دوای 2003ـی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان، هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدانی عێراقیان دەبێت؛ بۆ نموونە مووچەی پێشمەرگەیەکی شەهیدکراو ئەگەر ئێستا 500 هەزار دینار بێت و بە کەسوکارەکەی بدرێت، دەکرێتە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار.