ئاگرین عەبدولڵا: لە کابینەی نۆیەمدا 595 پرۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان جێبەجێکراون
ئاگرین عەبدولڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24 ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا 595 پرۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان جێبەجێکراون کە 75 پرۆژەیان ستراتیجین، لەوانە پرد، ڕێگەی درێژ و تونێل.
ئاگرین عەبدولڵا گوتی: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە لایەنی بەرپرسە لە گرنگیدان بە ڕێگەوبانی دەرەکی دەرەوەی سنووری شارەوانییەکان، ژمارەیەک پرۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ کردووە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەیە،595 پرۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان جێبەجێکراون کە 75 پرۆژەیان ستراتیجین، کە پرۆژەی شادەماری تێدایە، پرد و تونێلی تێدایە، پرۆژەکانی دیکەش چاککردنەوەی ڕێگەوبانەکانە لەگەڵ پرۆژەی مامناوەند و بچووکن سەرباری ڕێگەی گوندەکان.
دەشڵێت: لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئاوڕدانەوەیەکی ڕژد هەبووە لە سێکتەری ڕێگەوبانەکانی دەرەوە، هەنگاوی گرنگ نراون لەگەڵ ئەوەی پرۆژەی دیکەش ماون ئەنجام بدرێن.