دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکرێت
بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکرێت، بۆ ئەو پرۆژەیەش 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار خەرج دەکرێت.
دووشەممە 16ـی ئەیلوولی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، بە گوژمەى 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار ، بەم نزیکانە دەست بەجێبەجێکردنى پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکرێت.
پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە، لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەم نزیکانە بە 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەى حکوومەتى هەرێمی کوردستان، دەستبە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و گوندەكانی دەورووبەری لە سنووری پارێزگەی هەولێر دەکرێت كە لە ڕۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات.
پارێزگای هەولێر ئاشکرای کردووە، پڕۆژەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆەوە سەرپەرشتیی تەواوكردنی دەكرێت، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شارى هەولێر، سەرچاوەی ئاوەكەشی لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت کە پێكهاتووە لە سێ ئەمباری گەورەی ئاو، یەكێك لەو ئەمبارانە لە سنووری بیستانەیە و یەكێكیشیان لە قوشتەپەیە.