خدر دۆملی: جینۆساید بەردەوامە چونکە هەزاران ئێزیدی تا ئێستاش بێ سەروشوێنن

خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ
خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ

چالاکوانێکی مافی مرۆڤ بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات کە، ئێزدییەکان نیگەرانن لە کۆتایی هاتنی ئەرکی تیمی یونیتاد کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەرهەق بە ئێزدییەکان دەکات، دەشڵێت: جینۆساید بەردەوامە چونکە هەزاران ئێزیدی تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

دووشەممە 16ـی ئەیلوولی 2024، خدر دۆملی، چالاکوانی مافی مرۆڤ بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، سبەی یۆنیتاد کۆتایی بە ئەرکەکانی دێت لە عێراق و دەڕوا.

دەڵێت: سبەی دوا ڕۆژی تیمی یونیتادە کە لێکۆڵینەوەی لە تاوانەکانی داعش کە بەسەر ئێزدییەکانی داهێنا دەکات، دوای ئەوە زانیارییەکانی یونیتاد تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، دادگاکانی لەسەر ئەو بەڵگانە کار دەکەن نا ڕوونە چییان بەسەر دێت، دەڵێت: ئێزدییەکان نیگەرانن لە چارەنووسی ئەو بەڵگانە.

گوتی: پرسی بابەتە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و پشکنینی ڕووفاتەکان، لەگەڵ پرسی داگایی کردنی تاوانباران لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەن، دەشڵێت:جینۆساید بەردەوامە چونکە هەزاران ئێزیدی تا ئێستاش بێ سەروشوێنن، سەرباری ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی هاوکارییەکانی پێشکەش  کردوون، بەڵام حکوومەتی عێراق هاوکار نەبوون بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی تاوانیان دەرهەق بە ئێزیدییەکان، گوتیشی:پرسی بە جینۆساید ناساندنی ئێزیدییەکان، ڕێگە دەگرێ لەوەی جارێکی دیکە ئەو تاوانانە دەرهەقیان دووبارە ببنەوە.

خدر دۆملی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە عێراق بڕیار بدات بۆ بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان، نەوەک پرسەکە بچووک بکاتەوە، دەڵێت: عێراق ڕێگە خۆش ناکات بۆ گەڕاندنەوەی شکۆمەندانەی ئێزیدییەکان بۆ ناوچەی خۆیان، نایانەوێت سەقامگیریی لە شنگال دروست بێت.

زۆر هێز و لایەن نایەنەوێت کێشەی شنگال چارەسەر ببێت چونکە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، گوتیشی: پێویستە ئیرادەیەکی جدی لە بەغدا هەبێت بۆ چارەسەریی کێشەی شنگال، هاوکات هاوکاریی خەڵکی ئەو ناوچەیە وگەڕاندنەوەی شکۆمەندیی بۆ ئێزدییەکان.

Fly Erbil Advertisment