سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ڕۆژانە هەزار 600 تۆن و لە دەوروبەری شاری هەولێر 650 تۆن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە.

سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژانە بە ئامێر و ئۆتۆمبیلی تایبەتیی پاککردنەوە، زبڵ و خاشاک لە ناوەندی شاری هەولێر و دەوروبەری کۆ دەکرێتەوە.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت: لەسەر ئاستی هەموو گەڕەک و شوێنە گشتییەکان بە خشتەی تایبەتیی کارەکان دەکرێن پرۆسەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک  هەموو ڕۆژێک بەڕێوە دەچێت و لە بەرانبەریشدا شەقام و شوێنە گشتییەکان ڕۆژانە لە زبڵ و پاشماوەکان پاک دەکرێنەوە.

دەشڵێت: زبڵ بەپێی وەزرەکان و ڕۆژەکان وبۆنەکان دەگۆڕێ و بە تایبەت لە هاوینان زبڵ و خاشاک زۆرە، هەروەها ڕۆژانە زبڵ و پاشماوە بە خۆڵ، تێکەڵە و پاشماوەی بیناسازی ژێرخاک دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر باسی لەوەش کرد، کە زبڵ و خاشاک لە بەشی ژینگەپارێزی لە کانی قرژڵە لەناو دەبرێن.

کارزان هادی ڕاشیگەیاند، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەزار 600 تۆن و لە دەوروبەری شاری هەولێر 650 تۆن، زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە و هەمووی لە بەشی ژینگەپارێزی چارە دەکرێت.