سەرۆکوەزیران بەردی بناغەی پازدە باخچەی ساوایان و قوتابخانەی دانا
سێشەممە، 17-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پازدە باخچەی ساوایان و قوتابخانەی لە قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر دانا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، "لە چەند ساڵی ڕابردوودا وێڕای کێشە و قەیرانەکان، بەردەوام بە گوێرەی توانا گرنگیمان بە کەرتی پەروەرد داوە، لە سەردەمی پەتای کۆرۆناش ڕێگەمان نەدا پرۆسەی خوێندن بوەستێت، پرۆسەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەشێوەیەکی باش بەردەوام بوو، بەڵام پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن پێویستی بە بایەخدان و وەبەرهێنانی زیاترە".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، "بۆ ئەوەی قوتابییە خۆشەویستەکانمان لە کەشێکی گونجاودا بخوێنن، پێویستیمان بە قوتابخانە زیاتر و پێداویستی زیاتری خوێندن هەیە. پێویستە قوتابخانەکانیش بگەیەندرێن بە ئاستێکی ستاندارد".
وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەت باسی کرد: بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی بارودۆخی کوردستان و نەبوونی پلانێکی تۆکمە و هەموو ئەو فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستان بوون، ژێرخانێکی باش بۆ کەرتی پەروەردە دانەنراوە، هەربۆیە کارێکی زۆرمان لە پێشە تاوەکوو ئەم کەرتە گرنگە پێش بخەین. لەم چەند ساڵەی داوییدا چ وەزارەتی پەروەردە خۆی چ بە هاوکاری کەرتی تایبەت تونراوە دەیان قوتابخانە بنیات بنرێن و بە هەزاران قوتابخانەش نۆژەن بکرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ئەوەی لە وەزیری پەروەردە بیستم کە 194 قوتابخانە تاوەکوو کۆتایی ئەم ساڵ دروست دەکرێن و هەزار و 670 قوتابخانەش نۆژەن دەکرێنەوە، ئەم 15 قوتابخانەیەی ئەمڕۆکە بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت بە هاوکاری کەرتی تایبەتە، ماەویەک لەمەو پێش لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزلێنانمان پێشکەشی ئەو کەسانە کرد کە بەشداربوونە لە دروستکردنی قوتابخانە بۆ کەرتی گشتیی پەروەردە، هەربۆیە جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانینمان ئاراستەیان بکەین.