سامان سیوەیلی: قوتابیانی ئاوارە و پەنابەر فشارێکی زۆریان لەسەر کەرتی پەروەردە دروست کردووە

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە کابینەی نۆیەمدا 152 قوتابخانە تەواو کراون، هەروەها 42 قوتابخانەی دیکەش لەسەرەتای مانگی 10 دەکەونە بواری خزمەت، ئەوەش بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە بارگرانیی لەسەر قوتابخانەکان کەم دەکاتەوە. دەشڵێت: بارگرانییەکە، بەهۆی زۆری قوتابیانی ئاوارە و پەنابەرانە.

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا لە کابینەی نۆیەمدا 152 قوتابخانە تەواو کراون، هەروەها 42 قوتابخانەی دیکەش لەسەرەتای مانگی 10 دەکەونە بواری خزمەت، واتە تاوەکوو ئێستا 194 باڵەخانەی قوتابخانە و باخچە دروست کراون.

گوتیشی: ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی 15 قوتابخانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر داناوە کە یەکەم قوتابخانە لە سنووری قەزای خەبات دروست دەکرێت، ئەوەش بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە بارگرانیی لەسەر قوتابخانەکان کەم دەکاتەوە، دەشڵێت: هەندێک ناوچەمان هەیە ڕەنگە وەک پێویست باڵەخانەی بۆ دروست نەکرابێت.

سیوەیلی ئاماژەی بەوەش کرد "ژینگەی قوتابخانە و باخچەکان ڕەگەزێکی هەرە گرنگی پەروەردە و فێرکردنە" گوتیشی: ڕێژەیەکی زۆری قوتابیانی ئاوارەی ناوخۆی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئێستە 191 هەزار و 500 قوتابی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، ئەمانە حکوومەتی عێراقی نەهاتووە باڵەخانەیان بۆ دروست بکات، بەڵکو هەموویان لە باڵەخانەی قوتابیانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون. کە ئەمەش بارگرانیی خستووەتە سەر قوتابخانەکانمان، بەشێک لەو قوتابخانانە کە دوو دەوام و سێ دەوامە بەهۆی قوتابیانی ئاوارەوەیە. جگە لە هەبوونی 60 هەزار پەنابەری سووریایی لە هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە جەختی کردەوە، باوەڕی حکوومەت وایە دەبێت پرۆسەی پەروەردە ژێرخانێکی تۆکمەی هەبێت، ئەمەش بە دروستکردنی باڵەخانە و چاکسازیی لە پرۆگرامەکانی خوێندن دەبێت، هەروەها بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوازرییە پەروەردەییەکان و ڕاهێنانی مامۆستایان.

باسی لەوەش کرد، ئێستا ئێمە دیزاینی قوتابخانەکان بەشێوەیەکی ستاندارد دادەنێین، چونکە پێشتر ئەگەر هەرکەسێک یان خێرخوازێک، باڵەخانەی قوتابخانەی دروستکردب ایە ئەوە دیزاینەکەی بەخۆی دادەنا، کە ڕەنگە ژینگەی قوتابخانەکە باش نەبوایە، بەوەی ڕێژەی سەوزایی کەم بووە یان کافتریای نەبووە.