سەرۆک بارزانی: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی ئازاد و شەفاف بەڕێوە بچێت
K24 – هەولێر:
سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد، هاوکات سەرۆک بارزانی دووپات كردەوە، كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەكی ئازاد و شەفاف و بێگەرد و دوور لە هەر جۆرە كۆسپ و گیروگرفتێك بەڕێوە بچێت.
ڕۆژی سێشەممە 17ـی ئەیلوولی 2024 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەكەدا كە ئاندرۆ بیزلی، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم و دەرئەنجامە ئیجابییەكانی دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لە دیدارەکەدا هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری داهاتووی هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپات كردەوە، كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەكی ئازاد و شەفاف و بێگەرد و دوور لە هەر جۆرە كۆسپ و گیروگرفتێك بەڕێوە بچێت.
پرسی مانەوەی هێزی هاوپەیمانەكان و هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.