بە فەرمی تیروپشكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق راكێشرا
بە ئامادەبوونی عەدنان درجال سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێ عێراق و نوێنەری ئەنجو،مەنی لالیگای ئیسپانیا، هەروەها نوێنەری سەرجەم یانە بەشداربووەکان، تیروپشکی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2024 بۆ 2025 بەڕێوەچوو، كلاسیكۆی كوردستانیش لە نێوان دهۆك و هەولێر لە 27ـی ئەم مانگە دەكرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 17/9/2024، تیروپشكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە بەغدا راكێشرا، یاری سەرەتای وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە یاریگای دهۆک دەبێت.
بە گوێرەی تیروپشكی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق، رۆژی هەینی داهاتوو، کاتژمێر 08:00ـی شەو دهۆک لە گەڕی یەکەمی خولەکە، دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی زەوڕا دەكات، نیو كاتژمێر پێش دەستپێكی یاریی دهۆك و زەورا ئاهەنگێكی كردنەوەی خولەكە بەشێوازێكی جیاواز بە ئامادەبوونی خاڤێر تێباس سەرۆكی لالیگا و چەندان كەسایەتی و هونەرمەند لە نێو یاریگەی دهۆك بەڕێوە دەچێت.
دهۆک پێنج یاریی سەرەتای خولەکە بەرامبەر یانەکانی زەوڕا و هەولێر و نەجەف و کارەبا و هەروەها زاخۆ دەبێت، لە لایەكی دیكەیشەوە كلاسیكۆی كوردستان لە نێوان دهۆك و هەولێر لە رۆژی هەینی لە 27ـی ئەم مانگە دەكرێت.
بەپێی تیروپشكەكە، یانەی هەولێری ئیمپڕاتۆر لە یەکەم یاریی ئەم وەرزە، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری رووبەڕووی یانەی دیالەی تازە سەركەوتووی خولەكە دەبێتەوە.
پێنج یاریی سەرەتای یانەی هەولێر بەرامبەر یانەکانی دیالە لە یاریگای خۆی، دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی، زەورا، قاسم و نەجەف دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە یانەی زاخۆ، ئەو یانەیەش یەکەم یاریی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەرامبەر یانەی تەڵەبە دەبێت، پاشان لە چوار یاریی دیکەش رووبەڕووی یانەکانی کەربەلا، نەورۆز، زەورا و دهۆک دەبێتەوە.
هەرچی یانەی نەورۆزە، ئەو یانەیەش بە راهێنەرایەتی جۆرڤان ڤیێرای بەڕازیلی، لە گەڕی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رووبەڕووی یانەی کەربەلا دەبێتەوە، پاشان لە چوار یاریی دیکەی ئەم وەرزە، نەورۆز بەرامبەر یانەکانی زاخۆ و کارەبا و نەجەف و تەڵەبە یاریی دەكات.
هەولێر و دهۆک لە گەڕی دووەمی خولەکە رووبەرووی یەکتری دەبنەوە، هەروەها لە گەڕی حەوتەم هەولێر و زاخۆ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لە گەڕی نۆزدەیەمیش هەولێر و نەرۆز بەیەك دەگەن.