لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرزی ڕنینی سماقە

بەرهەمی سماق (ترش) لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەرهەمی سماق (ترش) لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە دوایین ڕۆژەکانی وەرزی هاویندا، سماق ڕنین لە دارستانەکانی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە.

سماقی سەردەشت بە شێوەیەکی خۆڕسک و سروشتی دەڕوێ و بەرهەم دێت، هیچ مادەیەکی کیمیایی لە بەرهەمهێنانیدا بەکار نایەت، کوالیتییەکی زۆر بەرزی هەیە و خواستێکی زۆری لە سەرانسەری ئێرانەوە لەسەرە. جیا لەمەش دارە سماقەکان پێویستیان بە ئاودان نییە و هەر بە باران گەشە دەکەن و وەبەردێن، ئەمەش خاوەندارێتیی ئەم باخانەی بۆ گوندنشینانی ئەم ناوچەیە زۆر ئاسان کردووە.

کۆکردنەوەی بەرهەمی سماق - دارستانە سروشتییەکانی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆکردنەوەی بەرهەمی سماق - دارستانە سروشتییەکانی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سەلاح حسێنی، ئەندازیاری کشتوکاڵ و خاوەنی باخی سماق دەڵێ " ئەو سماق و ترشەی کۆدەکرێتەوە ڕەوانە کارگەکان و شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێن، بەشێکی هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەم سماقە تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە جیا لە بەکارهێنانی بۆ چێژ و تامی خواردن، لە بەشێک لە دەرمانەکانیشیدا بەکار دەهێنرێت".

خەڵکی گوندەکانی ئەم ناوچەیە بە شێوەی هەرەوەز و بە هاوکاریی یەکتر بەرهەمی سماقی باخەکانیان کۆ دەکەنەوە. هێندێک کەسیش ڕنینی سماق بە کرێکاران دەسپێرن. خەڵکی ناوچەکە بە سماق دەڵێن ترش و بەو کرێکارانە دەڵێن ترشەوان. بەرزیی داری سماق بە دەگمەن لە دوو مەتر تێدەپەڕێ هەر بۆیە سماق ڕنین بۆ کرێکاران کارێکی ئەستەم نییە. ئەوەی لە هێندێک ناوچە کارەکەی دژوار کردووە، شوێنی هەڵکەوتنی دارەکان و لێژیی چیاکانی ئەم ناوچەیەیە.

هەرەوەزی شکاندنەوەی سماق
هەرەوەزی شکاندنەوەی سماق

غەفوور محەممەدپەنا یەکێک لە ترشەوانەکان و دەڵێت: ڕۆژانە لەچەند هاوڕێیەکی لە کاتژمێر شەشی بەرەبەیانەوە تاوەکوو پێنجی ئێوارە کار دەکەین و ترشەکان لە دارەکان دەکەینەوە و لە گونییەی دەکەین و دواتر دەیکوتین بۆ ئەوەی ترشەکە و دانکەکان لەیەک جیا ببنەوە، پاش پاک کردنەوە، بەرهەمەکان بە گونییە ڕەوانەی بازاڕەکان دەکەین".

سەردەشت زیاتر لە 80 هەزار هێکتار  دارستان و 13 هەزار هێکتار باخی هەیە. ڕووبەری باخەکانی سماقی سەردەشت هەزار هێکتارە کە لە هەر هێکتارێکی نزیک 2500 کیلۆ سماق بەرهەم دێت کە بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە 2500 تۆن زیاتر لە 90%ی بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەڕێ دەکرێت. ئەگەر کارگەی تایبەت بە هاڕین و لە قوتووکردنی سماق لەم ناوچەیە دروست بکرێت، دەتوانێ داهاتێکی زیاتری بۆ خەڵکی ناوچەکە هەبێت و بوار بۆ هەناردە کردنی سماقی سەردەشتیش خۆش بکات.