كاوه شێخانی: داوا دەکرا 32 گوندی کوردنشین بەشێک نەبن لە سەرژمێری

K24 – هەولێر:
ڕاوێژكارێکی ئهمنی و سهربازی پارێزگاری سهڵاحهددین، دەڵێت: پارێزگاری سەڵاحەددین کە دۆستی کوردە و نەیهێشت 32 گوندی کوردنشین بەشێک نەبێت لە سەرژمێری.
كاوه شێخانی، ڕاوێژكاری ئهمنی و سهربازی پارێزگاری سهڵاحهددین، لە میانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: لە سەرەتای دروستبوونی کوردەوە پلانگێڕی هەر بەرانبەر بەو نەتەوەیە هەیە و بەردەوامیشە.
ئەو ڕاوێژکارە دەڵێت: کورد لە پارێزگای سەڵاحەددین تەنیا لە خورماتوو هەیە، ویستیان پلانێکی زۆر گەورە دژی کورد ئەنجام بدەن کە 32 گوندیان هەیە لە قەزای خورماتوو، ئەو گوندانە ئیدارییەن سەر بە پاریزگای سەڵاحەددینن بەڵام ئەمنییەن سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، نووسراوی فەرمیان کرابوو بۆ ئەوەی ئەو گوندانە داببڕێن لە پارێزگاکە و سەرژمێری نەیگرێتەوە
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، نەیانهێشت پلانەکە سەر بگرێت و پارێزگاری سەڵاحەدینیش دۆستی کوردە و گوتی خەڵکی ڕەسەنی ئەم گوندانە بەشێکن لەو پارێزگایە و دەبێت بەشداری لە سەرژمێری بکەن.
پێش ئاساییکردنەوەی دۆخی خورماتوو ئەنجامدانی سەرژمێری لەم ناوچە کوردستانییە بەلای هاووڵاتییانەوە بە زیان دەشکێتەوە و مەترسی لەسەر داهاتوویان دروست دەکات و پێیانوایە پیلانگێڕییە و پێویستە پووچەڵ بکرێتەوە.
ئەنجامدانی سەرژمێری لە کاتێکدایە هەزاران خێزانی خورماتوو بەهۆی مەترسی گرووپە چەکدارەکان و سووتاندنی ماڵ و تەقاندنەوەی خانووەکانیان ئاوارەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بوونە و ناتوانن بگەڕێنەوە.
لە 20ـی 11ـی ئەم ساڵ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق دیاری کراوە، دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لە ڕاگەیەنراوێکیاندا بە نیگەرانیی و گومانەوە لە پڕۆسەکە دەڕوانن.