گوهدار شێخۆ: لە کارگەی سیلڤانا ڕۆژانە هەزاران تۆن ئارد بەرهەم دەهێنرێت

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، کاریگەی سیلڤانا بۆ خزمەتکردنی جووتیاران و هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە دەکەوێتە کار، لەم کارگەدا ڕۆژانە هەزاران تۆن ئارد بەرهەم دەهێنرێت.

شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی سیلڤانا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دوای سێ ساڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە ڕاگەێندرا، وەک سۆزێک بۆ خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزراندنی ئەم کارگەیە چووە بواری جێبەجێکردن.

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: لەگەڵ کابینەی نۆیەمدا گۆڕانێکی زۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست بوو، ئەویش بە بەردەوامی ئەو پرۆژانەی کە سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەرداون بۆ بوژاندنەوەی ژیانی خەڵکی، بەتایبەت لە ڕووی کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، پەروەردە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، هەروەها لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژانەی کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ کراون.

دەشڵێت: زاخۆ، بۆ ئێمە وەرچەرخانێک بوو کە بوو بە ئیدارە هەموو خەڵکی زاخۆ شایەتن کە چەند پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەو دەڤەرە و گرنگی بەو دەڤەرە چەند بووە، بەناوی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زۆر سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ ئەو پشتیوانی و پاڵپشتییە.

ئاماژەی بەوەش دا، یەکێک لەو کەرتانەی کە سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستووەتە سەر کەرتی تایبەت بووە، بەتایبەتیش بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزار، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، خۆشبەختانە لە هەرسێ کەرتدا بوژاندنەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

گوهدار شێخۆ ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆش کاریگەی سیلڤانا بۆ خزمەتکردنی جووتیاران و هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە دەکەوێتە کار، لەم کارگەدا ڕۆژانە هەزارن تۆن ئارد بەرهەم دەهێندرێت، هەروەها بەگوێرەی ستانداری جیهانی دروستکراوە، هیوادارین جووتیارانمان سوود لەم کارگە ببینن.

Fly Erbil Advertisment