ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە ئاڵای کوردستانەوە دەستی پێ کرد

کامەران عەلی: لە دوای 2017ـەوە بە پلان و بەرنامە خوێندنی کوردی لە کەرکووک پەراوێز خراوە

ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ 2024-2025
ڕێوڕەسمی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ 2024-2025

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024، لە کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق زەنگی ساڵی نوێی خوێندن 2024-2025 لێ دەدرێت و لە خوێندنی پەروەردەی کوردی لە کەرکووک بۆ ئەم ساڵ 100 هەزار قوتابی بەشداری بەشدار دەبن. بەڕێوەبەری پەروەردی خوێندنی کوردیش دەڵێ: لە دوای 2017ـەوە بە پلان و بەرنامە خوێندنی کوردی لە کەرکووک پەراوێز خراوە.

ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەی ڕۆشنبیری کوڕان بەڕێوەچوو، کامەران عەلی بەڕێوەبەری پەروەردەی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەم ساڵ 100 هەزار قوتابی لە خوێندنی پەروەردەی کوردی بەشدارن، کە 10 هەزار قوتابیان ساڵی یەکەمی خوێندنیانە.

هەرا لە گوتارێکدا، بەڕێوەبەری پەروەردەی خوێندنی کوردی گوتی: شانازی دەکەین بەوەی تەنیا لەم مانگەدا بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان 1100 مامۆستا بۆ پەروەردەی خوێندنی کوردی بە گرێبەست کراون و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمیش نزیکەی یەک ملیۆن کتێبی پرۆگرامی خوێندنی بۆ قوتابییان دابین کردووە.

گوتیشی: لە دوای 2017ـەوە بە پلان و بەرنامە لە پارێزگای کەرکووک پەراوێز خراوین و شاربەدەر کراوین، هەربۆیە ئێمە لە پەروەردەی خوێندنی کوردی چاومان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگاری نوێیە نازی ئەم خوێندنە هەڵگرێت بەو پێیەی لە ناوچە دابڕێندراوەکانی ماددەی 140ی دەستوورە، ئەمەش بەم مانایە نایەت ئەم ناوچەیە هیچی بۆ نەکرێت.

لە سنووری پارێزگای کەرکووک 555 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردی کوردین و زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەریش سەر بەم بەڕێوەبەرایەتییەن و مووچەکانیان سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.