مووچەی مانگی نۆی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە دابەش دەکرێت
لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولـی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، نزیکەی 572 ملیار دیناری تەواوکەری مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی مووچەخۆران، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بڕیارە لە نزیکترین کاتدا تەواوی ئەو بڕە پارەی ماوە بۆ مووچەی هەردوو مانگی حەوت و هەشت، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانە بکرێت".
بە گوتەی ڤیان سەبری، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی، مووچەی هەمان مانگ (9)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.
هەمان سەرچاوەی کوردستان24 باسی لەوەش کرد، وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و چارەکردنی یەکجارەکیی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران؛ سەردانی بەغدا بکات.
بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.