ماوەی مۆڵەتی دابینکردنی ڕێژەی سەدا 75 ی کرێکاری خۆماڵی، تەواو بوو

ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن
ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن

بەڕێوەبەری گشتیی کارودەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مۆڵەتی ئەو خاوەنکارانە تەواو بووە کە دەبوو کرێکاری خۆماڵی بۆ کارەکانیان بە ڕێژەی 75% دابین بکەن.

یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کارودەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە بڕیاری 172ـی سەرۆکی حکوومەت، ماوەی یەک ساڵ مۆڵەت درابووە خاوەنکارەکان بۆ ئەوەی  75% کرێکارانی پرۆژەکان خۆماڵی بێت و ڕێژەی کرێکاری بیانیش 25% بێت، بۆ کارەکان، ئەو مۆڵەتە تەواو بوو".

بەڕێوەبەری گشتیی کارودەستەبەری کۆمەڵایەتیی دەڵێت: بڕیارەکە لە مانگی 9ـی ساڵی 2022 دەرچوو و لەو بەروارەوە مۆڵەت بە خاوەنکارەکان درابوو تاکو خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو بڕیارەدا، لە 1ـی 1ـی 2024، ئەو بڕیارە کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردن، هەر بۆیە ئێمە خۆمان بەدواداچوون دەکەین، هەر خاوەنکارێک ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکردبێت، ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە.

دەشڵێت: ئەو کۆمپانیا گەورانەی کە پسپۆڕیان نییە و کارەکەیان وا دەخوازێت، لای خۆمانەوە لیژنەیەکمان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنان و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی، لە هەموو پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان، بەدواداچوون دەکات و دواکاریی ئەو خاوەنکارانە دەنووسن کە بیانووی ئەوەیان هەیە و داوای ماوە دەکەن، لیژنەکە دواکارییەکانیان بەرز دەکاتەوە بۆ ئێمە، ئێمەش سەیر دەکەین ئەگەر ماوەی دیاری کراوی پێویست بوو واتە هەشت بۆ نۆ مانگ ئەوا دەینێرین بۆ وەزیر ڕەزامەندی دەردەبڕێت و ماوەی زیاترییان پێ دەدات.

ئەو کۆمپانیایانەی کە پسپۆڕێتییەکەیان دەگمەنە، کە کرێکاری پسپۆڕیان نییە لەو بوارە کار بکەن، ماوەیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی کرێکاری خۆماڵی بێنێت و خۆی بگونجێنێت، ئێمەش لای خۆمانەوە، ڕاهێنان بەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت بۆ ئەو کارگانە.

Fly Erbil Advertisment