دوایین زانیاری سەبارەت دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران

دابەشکردنی زەوی
دابەشکردنی زەوی

یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو زەوییانەی کە بۆ فەرمانبەران دەستنیشان کراوە، 80%ـی کارەکانی تەواو بووە.

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەشڵێت: دوای تەواوبوونی کارەکان لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە، ئەو کات سەرکایەتی شارەوانیی هەولێر بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارەکان ڕادەسپێردرێت و لە ماوەیەکی کورتیشدا ڕێکارەکان تەواو دەکرێن.

سەبارەت بە چۆنییەتی دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر فەرمانبەران، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، دابەشکردنەکە لە ڕێگەی تیروپشکەوە دابەش دەکرێت.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕاشیگەیاند، شوێنی زەوییەکان بۆ پێدانیان بە فەرمانبەران دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە.

لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا؛ هەر لەسەر ئەم بڕیارە، وەزارەتی شارەوانی لە مانگی حوزەیرانەوە دەستی بەکارەکانی کردووە بۆ تەرخانکردنی زەوی پێویست لە سنووری شارەوانییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.

 هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە نووسراوی ژمارە 509 لە 14ی ئایاری 2024، ڕێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقایعی کوردستان بڵاو کردەوە.