هێمن میرانی: مەترسیی هەیە کۆچێکی گەورەی هاووڵاتییانی عێراقی لە 30 ساڵی داهاتوو دەستپێبکات

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا دوو ڕۆژ بەڕێوەدەچێت، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مەترسیی هەیە کۆچێکی گەورەی هاووڵاتییانی عێراقی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە 30 ساڵی داهاتوو بۆ دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان دەستپێبکات، زۆریك لەوانیش ڕوو لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەگوێرەی خەمڵاندنەکان ژمارەی دانیشتووانی عێراق ئێستا 46 ملیۆن کەسە، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی 2050بگاتە 80 ملیۆن کەس، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق پاڵپشتی لە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان بکات لە دروستکردنی پۆند و بەنداو.

هێمن میرانی گوتی: بەگوێرەی خەمڵاندنەکان ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 46 ملیۆن کەسە، بەپێی پێشبینیەکانیش لە ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووان بەرزدەبێتەوە بۆ 80 ملیۆن کەس.

دەشڵێت: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەو شوێنانەی وشکن، تەوژمی گەورە و زەحمەتتری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و  وشکەساڵی بەسەردا دێت، لە هەمان کاتتدا ڕێژەی بارین بارینی بەخوڕ، ئەو ڕێژە بارانەی کە چاوەڕوان نەکراوە بۆ بارینی، زۆر دەبارێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، بەمەش مەترسیی هەیە کۆچێکی گەورەی هاووڵاتییانی عێراقی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە 30 ساڵی داهاتوو بۆ دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان دەستپێبکات، ڕەنگە هەندێکیان بێنە هەرێمی کوردستان و هەندێکی دیکەش ڕووبکەنە وڵاتانی دیکە، بۆیە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا، جەختمان لەوە کردووە کە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ پیویستە بەیەکەوە کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

دەڵێت: من لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕوونی گوتم: حکوومەتی فیدراڵ پشتیوانیی پرۆژەکانی دروستکردنی پۆند و بەنداو بکات لە هەرێمی کوردستاندا، سیاسەت ڕێگریی لەوە نەکات ئەو پارەیە بۆ ئەو پرۆژانە خەرج بکرێت، چونکە ئەو پرۆژانە دەبنە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی وشکەساڵی و  گۆڕانەکانی کەشوهەوا.

یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024، یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوە دەچێت و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و بەشداریی 27 ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم لە بەغدان و بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.