دلێر عەبدوڵلا: کارەبای قوتابخانەکان دەکرێنە وزەی خۆر
بەڕێوبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئاشکرای دەکات، تەواوی ئامادەکارییان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن کردووە، لە چاپکردنی کتێب و شوشتنی قوتابخانەکان و پڕکردنەوەی میلاکەکان هاوتا لەگەڵ ئەو مامۆستا وانەبێژانەی کە کراونەتە گرێبەست بە بڕیاڕی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەشڵێت: کارەبای قوتابخانەکان دەکەینە وزەی خۆر.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024، دلێر عەبدوڵلا، بەڕیوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کارەبای قوتابخانەکان دەکرێنە وزەی خۆر و ئەو پرۆژەیە بە هاوبەشی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئێستا لە 10 قوتابخانەی نێو شاری هەولێر دەستی پێکراوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەڵێت: چوارشەممەی داهاتوو 25ـی ئەیلوول زەنگی دەستپێکردنەوەی خوێندن لێدەدرێت و 208 هەزار 891 قوتابی ڕوودەکەنەوە 403 ناوەندی خوێندن لە ناوەندی شاری هەولێر.
دلێر عەبدوڵڵا ڕایگەیاند: وەک ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، بە هاوبەشی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەواوی قوتابخانەکانی نێو شاری هەولێر شوشتراون و پاککراونەتەوە، هەر لە مانگی هاوینیشەوە خواردنگە و فرۆشگاکانی نێو قوتابخانەکان بەکرێدراون بۆ ئەوەی داهاتی ئەو فرۆشگا و خواردنگانە بدرێتەوە کارگیڕی قوتابخانەکان بۆ ئەوەی پێداویتی خۆیان پێ جێبەجێ بکەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەشڵێت: وەزارەتی پەروەردە بە پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کتێبی بۆ تەواوی قۆناغەکانی خوێندن چاپکردووە و لەڕێگەی کۆگاکانەوە دابەشی سەر ناوەندەکانی خوێندنی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێکی یەکەم ڕۆژی خوێندن بەسەر قوتابیاندا دابەش بکرێت.
دلێر عەبدوڵلا گوتی: کاری گواستنەوەکان بۆ 200 مامۆستای میلاک کردووە وەک ڕێکختنێک لە میلاکی قوتابخانەکان، لەگەڵ ئەو مامۆستا وانەبێژانەی بە بڕیاڕی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرانە گرێبەست.