پێشەوا هەورامانی: بەغدا هەمیشە پاساو بۆ نەناردنی مووچە دەهێنێتەوە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەموو جارێک حکوومەتی فیدراڵی پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو تێبینییەکانی لە لیستی مووچەدا چارە کردووە و داهاتی نانەوتیشی ڕادەست کردووە، بەڵام ئەوە بەغدایە کە هەمیشە بیانوو دەهێنێتەوە تا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: هۆکارەکە ڕوون نییە کە بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق 243 ملیار دیناری نەناردووە و کورتهێنانمان هەیە و حکوومەت ناتوانێت ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە.
گوتەبێژی حکوومەت، دەڵێت: هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەماوەتەوە کە تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، ئێستا سەرو 700 ملیار دینارمان لەژێر دەستە ئەگەر حکوومەتی عێراق بڕە پارەکەی دیکە بنێرێت، لیستی مووچە بڵاو دەکەینەوە و دەست دەکەین بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت.
هاوکات ڕایگەیاند، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو چەند ڕۆژەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکات و لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ خۆی دەبات و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکات.
هەورامانی، ئاماژەی بەوە دا، هەموو جارێک حکوومەتی فیدراڵی پابەندی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە، حکوومەتی هەرێم هەموو تێبینییەکانی لە لیستی مووچە چارە کردووە و داهاتی نانەوتیشی ڕادەست کردووە، بەڵام ئەوە بەغدایە هەمیشە بیانووی جیاواز دەبینێتەوە.
پێشەوا هەورامانی، جەختی لەوە کردەوە، ڕێککەوتنی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووری هەرێم و عێراق ئەوە بووە کە تا کۆتایی ساڵ مووچە بەبێ کێشە بنێردرێت. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، هەمیشە سەرۆک وەزیرانی عێراق نییەتی چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.
باسی لەوەش کرد، هەمیشە هەرێمی کوردستان بە دوای چارەی کێشەکانە لەگەڵ عێراق، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت کە وڵاتەکە بۆچی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە بە کارتێکی سیاسی.
گوتەبێژی حکوومەت، لەبارەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، گوتی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە لە هەوڵدایە کە کێشەی مووچە چارە بکات، هیچ کەسێکیش لە جەنابیان دڵسۆزتر نین بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
هەورامانی باسی لە سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە عێراق ئەوە بووەتە کولتوور ئەگەر بتەوێ بچێتە پێشەوە دەبێت دژی کورد بیت، هەروەها حەلبووسی بێ نمەک بوو بەرانبەر بە کورد.
گوتیشی: حەلبووسی بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان بوو بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها حەلبووسی دژایەتی پێشمەرگە دەکات تەنیا بۆ ئەوەی خۆی شیرین بکات تا پۆستێکی پێ بدرێت لە حکوومەتی عێراق.