سبەینێ بەردی بناغەی ڕێگەی سەرەکی گەلی باڵندا و پردی سەیدایان دادەنرێت
دوای 32 ساڵ لە بوونی ئالەنگاری گەورە و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکە، بڕیاڕە سبەینێ 23ـی ئەیلوولی 2024، پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی ڕێگەی نێروە و ڕێکان و دۆسکی ژووری و وەلاتژێریێ بە گوژمەی 19 ملیار و 106 ملیۆن دینار دابنێت.
پێشتر عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئاشکرای کردبوو کە، پرۆژەی چاککردنی ڕێگەی سەرەکی گەلی باڵندا و پردی سەیدا بە درێژی 14 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 19 ملیار و 106 ملیۆن دینار جێبەجێدەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو پرۆژەیە دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکانی نێروە، ڕێکان، دۆسکی ژوورێ و وەڵاتژێری.
پارێزگاری دهۆک گوتبووی، دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە بوونی هێزی چەکداریی و شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، دەڤەرەکە نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و چەند گوندێک تا ئێستا ئاوەدانیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.
بەهۆی شەری نێوان تورکیا و پەکەکە نزیکەی 450 گوند لە باشووری کوردستان چۆڵکراون و لە سنۆری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 240گوند چۆلکراون، بەشێوەیەک لە سنۆری قەزای ئامێدی 195 گوند، لە سنووری ئاکرێ 25 گوند و لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 25 گوند و لە قەزا شێخان 10 گوند چۆڵکراون.