ئەمڕۆ لە قەتەر تیروپشكی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی دەکرێت

یەكەمین پێكهاتەی دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرامبەر زەورا. 2024 ـ 2025
یەكەمین پێكهاتەی دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرامبەر زەورا. 2024 ـ 2025

دوای 9 ساڵ جارێكی دیكە جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی بە بەشداریی یانەی دهۆك بەڕێوە دەچێت، هەر یانەیەكیش ببێتە پاڵەوان 3 ملیۆن دۆلار وەكو خەڵات وەردەگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 23 ئەیلولی 2024، لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر لە كاتژمێر 19:00 بە كاتی هەولێر بە ئامادەبوون دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆكی یانەی دهۆك تیروپشكی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی دەکرێت.
یانەی دهۆك وەرزی ڕابردوو لە رێگەی قۆناغی پاشكۆی خولی ئەستێرەكانی عێراق بلیتی بەشداریی لە جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی بەدەست هێنا و هاوشانی 7 یانەی دیكەی كەنداوی عەربی شەڕی بردنەوەی نازناوەكە دەكات.
لە جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی هەشت یانە بەشدارن و دابەش دەبن بەسەر دوو كۆمەڵەدا، لە هەر كۆمەڵەیەك دوو یانە دەگەنە قۆناغی پێشكۆتایی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی.
یانەكان دابەش بوون بەسەر 4 ئاست: دهۆك هاوشانی یانەی عەرەبی قەتەر لە ئاستی یەكەم جێگیر كراون.
یانەكانی ئیتیفاقی سعوودی و نەسری قەتەر لە ئاستی دووەم دەبینرێن، لە ئاستی سێیەمیش زەفاری عوممانی و رەفاعی بەحرێنی دێن، لە ئاستی چوارەمیش قادسیەی كوێتی و ئەهلیی سەنعای یەمەنی دەبینرێن.
بە گوێری ئەو داتایانەی لە پێگەی فەرمی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی بڵاو كراوەتەوە، هەر یانەیەكی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەكە 300 هەزار دۆلار وەكو پاداشت وەردەگرێت بە زمانی بازاڕ دەكاتە 30 دەفتەر دۆلار. هەر یانەیەك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی بكات 30 هەزار دۆلاری وەردەگرێت، هەر یارییەكیش بباتەوە 30 هەزار دۆلاری دیكە وەردەگرێت، هەر یانەیەك بكاتە قۆناغی پێشكۆتایی 100 هەزار دۆلاری وەدەگرێت.
هەر یانەیەك دەبێتە پاڵەوانی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی 3 ملیۆن دۆلار وەكو خەڵات وەردەگرێت، ئەو یانەیەی پلەی دووەم بەدەست دەهێنێت یەك ملیۆن دۆلاری پێ دەدرێت، لە كۆتایی دا باشترین یاریزان و باشترین گۆڵپارێزی و گۆڵكاری پاڵەوانێتییەكەش هەریەكەیان 50 هەزار دۆلار وەردەگرێت.