یانەی دهۆك لە كۆمەڵەی مەرگ رزگاری بوو

یاریگەی یانەی دهۆك
یاریگەی یانەی دهۆك

تیروپشكی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی راكێشرا و یانەی دهۆك كەوتە كۆمەڵەی یەكەم و هاوشانی یانەكانی نەسری ئیماراتی، ئەهلی یەمەنی و زەفاری عوممانی یاریی دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23 ئەیلولی 2024، لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە ئامادەبوون دكتۆر عەبدوڵڵا جەلال سەرۆكی یانەی دهۆك تیروپشكی جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی راكێشرا، یانەی دهۆك دەبێتە یەكەمین یانەی عێراق لە مێژوودا بەشداریی لە جامی یانەكانی كەنداوی عەرەبی دەكات.
لە جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی هەشت یانە بەشدارن و دابەش كراون بەسەر دوو كۆمەڵە، لە هەر كۆمەڵەیەك دوو یانە دەگەنە قۆناغی پێشكۆتایی، تاڕادەیەك ئەنجامی تیروپشكەكە لە بەرژەوەندی یانەی دهۆكی نوێنەرە كوردەكەی عێراقە، بەوپێیەی دهۆك لە كۆمەڵەی یەكەم هاوشانی، نەسری ئیماراتی، ئەهلی یەمەنی و زەفاری عوممانی یاریی دەكات.
لە بەرامبەردا لە كۆمەڵەی دووەم، ئیتیفاقی سعوودی كە ستێڤن جیراردی راهێنەری ئینگلیزی سەركردایەتی دەكات هاوشانی قادسیەی كوێتی، رەفاحی بەحرێنی و عەرەبی قەتەری یاریی دەكەن.

رۆژی 23ـی مانگی داهاتوو دوای 9 ساڵ جارێكی دیكە جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی دەست پێ دەكات، هەر یانەیەكی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەكە 300 هەزار دۆلار وەكو پاداشت وەردەگرێت بە زمانی بازاڕ دەكاتە 30 دەفتەر دۆلار. هەر یانەیەك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی بكات 30 هەزار دۆلاری پێدەدرێت، لەو پاڵەوانێتییە هەر یارییەك ببەیتەوە 30 هەزار دۆلاری دیكە وەردەگرێت، هەر یانەیەكیش بكاتە قۆناغی پێشكۆتایی 100 هەزار دۆلاری وەدەگرێت.
هەر یانەیەك ببێتە پاڵەوانی جامی كەنداوی یانەكانی عەرەبی 3 ملیۆن دۆلار وەكو خەڵات وەردەگرێت، ئەو یانەیەی پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت یەك ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت، لە كۆتایی دا باشترین یاریزان و باشترین گۆڵپارێزی و گۆڵكاری پاڵەوانێتییەكەش هەریەكەیان 50 هەزار دۆلار وەردەگرێت.

.
.

 

Fly Erbil Advertisment