مەسعود پزیشکیان: حزبوڵلا ناتوانێت بەتەنیا بەرەنگاری ئیسرائیل ببێتەوە
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە 'سی ئێن ئێن'ـی ڕاگەیاند، حزبوڵلا "ناتوانێت بە تەنیا لەبەرامبەر ئیسرائیلدا بمێنێتەوە".
پزیشکیان گوتیشی: نابێت ڕێگە بدەین لوبنان بگۆڕێت بۆ غەززەیەکی تر، دەبێت جیهان هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو ململانێیەکی ناوچەیی پەرە نەستێنێت.
سەرۆک کۆماری ئێران، گوتیشی: حزبوڵلا بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاری وڵاتێک ببێتەوەە کە زۆر بە باشی پڕ چەک کرابێت، و دەشتوانێت زۆر لەوە زیاتر چەک و سیستەمی جەنگیی وە دەست بخات.
ئاماژەی بەوەش دا "حزبوڵلا ناتوانێت بە تەنیا لە بەرامبەر وڵاتێکدا بوەستێت کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەورووپا و ئەمەریکا بەرگریی لێ دەکەن و خۆراکی پێ دەدەن".
پزیشکیان، ئەم وتارەی ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند کاتژمێرێک دوای وتارەکەی جۆو بایدن، پێشکەش کرد؛ بەمەش ڕەنگە پزیشکیان بتوانێت دەرفەتێکی دیکە بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بدات.
نیکۆڵ گراگۆسکی، بەرپرس لە دامەزراوەی کارنیگ بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی گوتی: سەردانەکەی پزیشکیان بۆ نیویۆرک دەتوانێت دەرفەتێکی گەورەی پەیوەندییە گشتییەکان بۆ ئێران بڕەخسێنێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لەم کاتەدا ئەنجامێکی ئەوتۆی لێ بکەوێتەوە.
زۆربەی تیمی سیاسەتی دەرەوەی مەسعود پزیشکیان، لە داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015دا بەشدار بوون، ئەم تیمەش هەوڵ دەدات حکوومەتی نوێی ئێران وەک هاوبەشێک پیشان بدات کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بتوانن بازرگانیی لەگەڵدا بکەن، لە کاتێکدا ئەوان لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بە دوای دەرفەتی دیپلۆماسی دەگەڕێن.
پزیشکیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەم دواییانەدا، جەختی لە ئامادەیی ئێران کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.