شیفا بارزانی: لە کۆنگرەی پارتی لیبەری بەریتانیا داوامن کرد کورد جینۆساید نەکرێتەوە
شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ئۆفیسی دیاسپۆرای کوردستان دەڵێت: لە کۆنگرەی پارتی لیبەری بەریتانیا داوامان کرد کورد جارێکی دیکە جینۆساید نەکرێتەوە.
سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ئۆفیسی دیاسپۆرای کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و داوەتی فەرمی حکوومەتی ئەو وڵاتە چوونەتە ئەرمینیا و لەکۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بەشدارییان کردووە، شیفا بارزانی دەڵێت: لەو کۆنفرانسەدا گفتوگۆی زۆر پڕ بەهامان کرد، سەرباری ئەوەش پانێلێکمان هەبوو کە نوێنەری زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیبوون، دەشڵێت: لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەرمینیا کۆبووینەوە، لەوێ بڕیاردرا شاندێکی ئەرمینیا بێنە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەو پێشەوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا، بەتایبەتیش لەبواری زانستی، گوتی: لە زانکۆی ئەرمینیا بەشێکی زمانی کوردی دەکرێتەوە، شاندەکەی دێنە هەرێمی کوردستان سوود لە کتێبخانەی کوردی وەرگرن بۆ بەشی کوردی زانکۆی وڵاتەکەیان.
شیفا بارزانی ڕایگەیاند: وەک شاندی دیاسپۆرای کوردستانی لە بارەگای بارزانی، میوانی کۆنگرەی لیبەر پارتی بووین لە بەریتانیا، لەنێو بەرنامەی ئەو کۆنگرەیەش، بەشێک بۆ پرسی کوردستان تەرخانکرا کە چەند ئەندام پەرلەمانێکی کورد ئامادەی بوون، دەڵێت: ئێمە بیرو بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاند لەگەڵ بەرنامەی ئایندەمان کە کار دەکەین لەسەر ئەوەی کورد جارێکی دیکە جینۆساید نەکرێتەوە، گوتیشی: دەمانەوێت لۆبیەکی زیاتر لە بەریتانیا دروست بکەین، دەمانەوێت هەقیقەتی میللەتی خۆمان بگەیەنینە هەموو وڵاتان.