حزبوڵلای عێراق هۆشداریی لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل دەدات

ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل
ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل

کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراق، هەڕشە لە ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکات و ڕایاگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر چەکدار و بنکەکانیان، ئەوە وەڵامدانەوەکانیان تەنیا بۆ ئیسرائیل نییە، بەڵکو هەموو جومگەکانی ئەمەریکا لە ناوخۆی عێراق دەگرێتەوە.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلیگرام ڕایگەیاندووە، ئەو شەڕەی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمەریکا دەستی پێ کردووە، ئاراستەیەکی قێزەونی بۆ لەناوبردنی گەلان وەرگرتووە و تاوان بەرانبەر بە ئافرەتان و منداڵان دەکات و ژێرخانی ناوچە سڤیلنشینەکانی لە فەڵەستین و لوبنان وێران کردووە.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە ئاسمانی عێراق هەست بە جموجووڵێکی چڕی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکەن، ئەمەش بەو واتەیە دێت، ئەگەر هەیە ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر کەتیبەکانی حزبوڵلا، بەڵام وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک تەنیا لە دژی ئیسرائیل کورت نابێتەوە، بەڵکو هەموو بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکاش دەگرێتەوە.

سەرکردەکەی حزبوڵلا داوای لە گروپەکانی بەرەی موقاوەمەی پشتیوانیکاری فەلەستین و لوبنان کردووە، هێرشەکانیان بۆ ئیسرائیل زیاتر و فراوانتر بکەن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە لەم شەڕە ئاڵۆزەدا توانا و مۆراڵی سەربازی و ئەمنی ئیسرائیل تێکشکێنن، چونکە تاوەکوو ئێستا هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی بەرەی مقاوەمە نەبووە.

هۆشدارییەکەی ئەبو عەلی عەسکەری لە کاتێکدایە، یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە لە عێراق ئاشکرای کردووە، هەر یەک لە بزووتنەوەی نوجەبا بە سەرۆکایەتی ئەکرەم کەعبی و کەتیبەکانی حزبوڵلا و ئەنساروڵلا و چەند گروپێکی دیکەی نێو پێکهاتەی حەشدی شەعبی، ئاگادارییەکیان ئاراستەی ئەندام و چەکدارەکانیان کردووە پەیوەندی بە بنکە چەکدارییەکانی باشووری بەغدای پایتەختی عێراقەوە بکەن بۆ ئەوەی بەخۆبەخشانە بەشداری لە شەڕی حزبوڵلای لوبنان دژی ئیسرائیل بکەن.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، نزیکەی 40 هەزار چەکداری عێراقی، سووری و یەمەنی خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی چەکدارانی حزبوڵلای لوبنان و دژی سوپای ئیسرائیل شەڕ بکەن.