لە پیرانشار دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب بەڕێوە دەچێت

دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب، بۆ سێ ڕۆژ لە شاری پیرانشاری پارێزگای ورمێ بەڕێوە دەچێت. لە فێستیڤاڵەکەدا نۆ گرووپی هونەریی کورد و ئازەری لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای ورمێ وە بەشدارن و لە دوایین ڕۆژی فێستیڤاڵەکەشدا، گروپ و هونەرمەندانی هەڵبژێراو خەڵات دەکرێن.

شاری پیرانشار لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خانەخوێی فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زابە، کە 22 گروپی هونەری بەرهەمەکانیان بۆ بەشداری لەم فێستیڤاڵە ناردبوو، بەڵام تەنیا نۆ گروپ لە لایەن لێژنەی داوەرانەوە بۆ بەشداریی لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکە هەڵبژێراون.

محەممەد خیرەد، بەڕێوەبەری دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی زاب، دەڵێت: دوو مانگ لەمەوبەر، بۆ کێبڕکێی ئەم فێستیڤاڵە دەستمان بە کارەکان کرد و 22 کاری هونەری پێشکەش کران، بەڵام لێژنەی هەڵسەندگاندنی فێستیڤاڵەکە نۆ بەرهەمی باشی هونەری شانۆییان هەڵبژارد بۆ بەشی کێبڕکێی فێستیڤاڵەکە کە چالاکییەکان سێ ڕۆژ بەردەوام دەبن.

 دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب لە پیرانشار - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب لە پیرانشار - ڕۆژهەڵاتی کوردستان

70 هونەرمەند لە هەردوو نەتەوەی کورد و ئازەری کە پێکهاتەی سەرەکیی پارێزگای ورمێن، لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن. ئەو شانۆیانەی بەشدارن هاوکات لە چەند شوێنێکی جیاوازی نێو شاری پیرانشار بۆ هاووڵاتیان نمایش دەکرێن و هەر کام لە شانۆنامەکان لە ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوونی فێستیڤالەکەدا مۆڵەتی چەند جارێک نمایشیان پێ دەدرێت.

بەگوێرەی بەرنامەی فێستیڤاڵەکە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی سێیەمین ڕۆژی چالاکییەکاندا گرووپە سەرکەوتووەکان لە لایەن لێژنەی داوەرانەوە خەڵات دەکرێن.

سامان بابەکی، ئەکتەری گروپی شانۆی هونەری بۆکان دەڵێت: شانازی دەکەم بەوەی دووەم جارە لە شانۆی سەر شەقامی پیرانشار بەشدار دەبم، ساڵی ڕابردوو بە شانۆی پیانۆ بەشداربووین و توانیمان خەڵاتی فێستیڤاڵە وەربگرین و بچینە فێستیڤاڵی مەریوان و خەڵاتێکی دیکەش وەربگرین، بۆ ئەم ساڵیش بە شانۆنامەی "کۆدی پۆست" بەشدار بووین.

دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب لە پیرانشار - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب لە پیرانشار - ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەیووب ئەفشارنژاد، دەرهێنەر و بەرپرسی ئەنجوومەنی شانۆی تیکاب دەڵێت: بە شانۆنامەی ژیانەوە بەشداریی دووەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب ین کە لە ئاستی پارێزگای ورمێ بەڕێوە دەچێت و لە سێ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا شانۆکەمان پێشکەشی هاووڵاتییان و لێژنەی داوەرانی فێستیڤاڵەکە دەکەین".

فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب، تەنیا لە ئاستی پارێزگای ورمێ بەڕێوە دەچێت. بەڕێوەبەرانی فێستیڤالەکە لە هەوڵدان لە ساڵانی داهاتوودا، فێستیڤاڵەکەیان بکەنە ناوچەیی بە شێوەیەک، کە هونەرمەندانی پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بتوانن بەشداری چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بکەن.

دیمەنێکی شانۆیی دووهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی زاب لە پیرانشار - ڕۆژهەڵاتی کوردستان