پارێزگاری هەڵەبجە: جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە بەرهەمی سەردانی سەرۆک وەزیرانە

دەست بە جێبەجێردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەکرێت
دەست بە جێبەجێردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەکرێت

جێبەجێکردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بە كۆمپانیایەكی بیانیی بەناوبانگ درا و پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت، ماستەرپلانەکە بەرهەمی سەردانی سەرۆک وەزیران بووە بۆ شارەکە.

پێنجشەممە، 26-09-2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمێکدا، گرێبەستی جێبەجێكردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانیی بەناوبانگ مۆر کرد.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماستەرپلانەکە بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی 450 ڕۆژدا جێ بەجێ دەکرێت.

وەکوو ئەوەی ساسان عەونی باسی کرد، هەماهەنگی و ئاسانکاریی تەواو لەنێوان فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەڵەبجەدا دەکرێت بۆ ئەوەی ماستەر پلانەکە بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێت.

بە گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەو کۆمپانیای ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە جێ بەجێ دەکات، کۆمپانیایەکی زۆر باش و پێشکەوتووە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشتریش چەندین ماستەرپلانیان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە؛ لەنێویشیاندا، پشتێنەی سەوزی هەولێر، لەگەڵ چەندین پرۆژەی گەورەی دیکە.

پارێزگاری هەڵەبجە: ماستەرپلانەکە بەرهەمی سەردانی سەرۆک وەزیرانە

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا بە گەرمی سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرانبەر جێبەجێکردنی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

ئازاد تۆفیق باسی لەوەش کرد، دانانی ماستەرپلانەکە و جێبەجێکردنی، بەرهەمی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە بۆ هەڵەبجە. هیواشی خواست، جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی نوێ بێت بۆ ئاوەدانکردنی شارەکە.

بڕیاری سەرۆک وەزیران بۆ جێبەجێکردنی ماستەر پلانەکە

پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی دا بە تەرخانكردنی گوژمەی پێویست بۆ پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە.

جێبەجێکردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە دەبێتە هۆی بووژانەوە و پەرەپێدان و گەشەسەندنی شاری هەڵەبجە لە هەموو ڕوویەكەوە و دەبێتە بنەمای ژێرخانی شارەكە. ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی فراوانە و سەرجەم کەرتە گرنگەكانی شارەكە دەگرێتەوە و لە داهاتوودا هەڵەبجە قۆناغێكی نوێ و پێشكەوتوو بەخۆیەوە دەبینێت.

لە پڕۆژەی ماستەرپلانەكەدا، لایەنە كاریگەرەكانی وەكوو ئاراستەی فراوانبوونی شار و بەكارهێنانی زەوی و دیاریكردنی ناوچەی پیشەسازی، نیشتەجێ، كشتوكاڵی، گەشتیاری، بازرگانی، خزمەتگوزارییە گشتییە پێویستەكان دیاری دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی فاكتەرە ژینگەیی، دیمۆگرافی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، تەندروستی و پەروەردەییەكان و چەندین بواری دیكەی پەیوەست بەو بابەتە، هەروەها پێگەی مێژوویی هەڵەبجە و ڕۆڵ و كاریگەری ئەم شارە لەبەرچاو دەگیرێت.

سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ سلێمانی و هەڵەبجە

دوای ئەوەی ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێكی گرنگی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە، لەنزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە کرد. جیا لەوانەش، چەندین دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی رووبەڕوو و ڕاشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا ساز دا.

لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاووڵاتیان، باسیان لە كێشە و كەم وكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیازیان پێشكەش بە سەرۆكی حکوومەت كرد.

سەرۆكی حکوومەت بە وردی گوێی بۆ داوكارییەكانیان گرت و بەڵێنیشی دا كە ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە و قەزا و ناحیە و گوندەكانی، جێبەجێی دەكات.

لەم بارەیەوە سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا.

لەم لینکەدا پوختەی بڕیارەکان بزانە: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان