ئەمەریکا تەرخانکردنی زیاتر لە نیو ملیار دۆلاری بۆ سووریەکان ڕاگەیاند
ئەمەریکا هاوکاری نوێی بە بڕی 535 ملیۆن دۆلار بۆ سوورییەکان تەرخانکرد، هەروەها بەڵێنیدا دوای کۆتاییهاتنی جەنگیش بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان.
ئۆزرا زیا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی مەدەنی، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هاوکارییە نوێیەی ئاشکرا کرد و گوتی "بڕی 535 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ سووریەکان دابینکراوە".
ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو پارەیە لە ڕێگەی گرووپ و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە دابین دەکرێت، کە پەیوەندییان بە هاوکاریکردنی سوورییەکانەوە هەیە، کە لەو ڕێگەیەوە شوێنی حەوانەوە، خۆراک، خوێندن و چاودێری تەندروستییان بۆ دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها بە دانووستان و چارەسەری سیاسی دەتوانرێت کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی سووریا بهێنرێت، بەڵام هاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیندوو ڕاگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی زۆر گرنگن.
ئاژانسەکە داوای لە "بەخشەرانی دیکە کردووە بەشداری بکەن لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییانەی کە دروس دەبن".
شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011 لە سووریا سەریهەڵدا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون، هەروەها وێرانبوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی سووریا بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.