كلاسیكۆیەكی پڕ لە ئەستێرە بەڕێوە دەچێت

.
.

لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی هەولێر بۆ یاریی كلاسیكۆ سەردانی شاری دهۆكی كردووە، بۆ ئەم یارییە تیپەكەی سەمیر بابۆ لە توانایەكانی چوار یاریزانی بێبەش دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 27 ئەیلوولی 2024، لە یاریی كلاسیكۆی كوردستان یانەی دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی و لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی رووبەڕووی هەولێری ركابەری دەبێتەوە.
سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر بۆ ئەم یارییە بە هۆكاری جیاواز لە توانایەكانی چوار یاریزانی بێبەش بووە كە پێكهاتوون لە مەهدی هاشمی گۆڵپارێز و نیاز محەمەدی بەرگریكار بەهۆی پێكانەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە هەڵگورد قەیس بەهۆی پەیوەندیكردنی بە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ ئەم یارییە دادەبڕێت لەگەڵ محەمەد موحسین بەهۆی توانای جەستەییەوە لە یاریی كلاسیكۆ ئامادە نابن.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی دهۆك بە تەواوی یاریزانەكانەوە بۆ رووبەڕبوونەوەی هەولێر ئامادەیە تەنیا گومان لە بەشداریكردنی لوكاس مۆسیسی بەرگریكاری بەرازیلی دەكرێت كە نەتوانێت بەشداریی لە یارییەكە بكات.
كوردستان24 لە ئاسمان و زەوی پلانێكی گەورەی بۆ رووماڵی یاریی كلاسیكۆ ئامادە كردووە، یارییەكە بە دەنگی هەرێم قەرەناوی لە سۆشیاڵ میدیا و كەناڵی كوردستان24 دۆكیومێنتاری دەگواسترێتەوە، لە نێو شەقامی ئیسكانیش لە كەشێكی ئارام و پڕ جۆش و خرۆش لەبەردەم دوو شاشەی گەورە دەتوانن سەیری كلاسیكۆ بكەن.

.
.

 

.