سعوودییە.. ئەم ساڵ زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە 30 ساڵی ڕابردوو تۆمار کراوە

ئاڵای سعوودییە
ئاڵای سعوودییە

K24 – هەولێر:

ئەم ساڵ لە سعوودییە 198 کەس لەسێدارە دراون، ئەمەش بە پشت بەستن بە ئامارە فەرمییەکان زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانە بەراورد بە 30ـی ساڵی ڕابردوو لەو وڵاتە.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودییە، ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە کە ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە وڵاتەکە سێ کەس لەسێدارە دراون، بەمەش ژمارەی لەسێدارەدراوان گەیشتە 198 کەس.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی؛ وڵاتی سعوودییە، لە ساڵی 1995، 192 کەس، لە ساڵی 2022، 196 کەس لەسێدارە داوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، سعوودییە لەسەر ئاستی جیهان لە دوای چین و ئێران لە پلی سێیەمی دێت کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدا تۆمار دەکرێت.

بەپێی داتا فەرمییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، سعوودییە لە ساڵی 2022دا 147 کەسی لەسێدارە داوە بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی دەڵێت: بە پشتبەستن بە داتایەک کە لە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی حکوومەتی سعوودییەی وەرگرتووە لە ساڵی 2022، 196 کەس لەسێدارە دراون نەک 147.

ئاژانسی فرانس پرێس، ئەوەشی خستەڕوو، لەسێدارەدانەکانی ساڵی 2024 لە سعوودییە بریتی بوون لە 52 کەس کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر، هەروەها 32 کەسیش بە تۆمەتی پەیوەست بە تیرۆرەوە سزا دراون.

لەگەڵ هاتنە سەر حووکمی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، زیاتر لە هەزار کەس لەسێدارە دراون

ئاژانسەکە، ڕایگەیاندووە: لە ساڵی 2019دا دەسەڵاتدارانی سعوودییە 187 سزای لەسێدارەدانیان بەسەر هاووڵاتییاندا سەپاندووە و، لە ساڵی 2023دا، 170 حاڵەتی لەسێدارەدانیان سەپاندووە. هەروەها سعوودییە بەهۆی زیادەڕۆیی لە ئەنجامدانی سزای لەسێدارەدان ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە.

ڕێکخراوەکانی بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێن: ئەم لەسێدارەدانانە هەوڵەکانی شانشینی یەکگرتوو لە ڕێگەی پەسەندکردنی هەموارکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە چوارچێوەی چاکسازی "دیدگای 2030" کە لەلایەن محەمەد بن سەلمانەوە، شازادەی جێنشینی سەرپەرشتی دەکرێت، تێکدەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی دژە سزای لەسێدارەدان کە بنکەکەی لە لەندەنە و ڕێکخراوی ئەورووپی-سعوودیە بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەرلینە، لە ساڵی 2015ەوە پاش هاتنە سەر حووکمی شا سەلمان عەبدولعەزیز سعوودیە زیاتر لە هەزار لەسێدارەدانی ئەنجامداوە.

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی سعوودییە دەڵێن: دوای ئەوەی تۆمەتباران هەموو ئاستەکانی دادگاییکردنیان تەواو کردووە، ئەو سزایانەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، "حکوومەتی شانشینی سعوودییە مەبەستی دامەزراندنی ئاسایش و بەدەستهێنانی دادپەروەرییە"، هەروەها دەیەوێت لەو ڕێگەیەو"بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان".

زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان پێچەوانەی لێدوان و بڕیارەکانی ساڵی 2022ـی محەممەد بن سەلمانە

زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی لەسێدارەدان پێچەوانەی لێدوانەکانی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییەیە، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری زە ئەتڵەنتیک لە ساڵی 2022ـدا، گوتبووی: وڵاتەکە سزای لەسێدارەدانی نەهێشتووە جگە لە حاڵەتەکانی کوشتن یان کاتێک کەسێک هەڕەشە لە ژیانی زۆر کەس دەکات.

جەید بەسیونی، بەرپرسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕیکخراوی ڕێبەریڤ، ڕایگەیاندووە، گەیشتن بەم ژمارە پێوانەییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سعوودیە وازی لە خۆنمایشکردنی چاکسازییەکان هێناوە سەبارەت بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان، ئەو بەڵێنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دراون جێبەجێ نەکراون و تەنانەت پێچەوانەش کراوەتەوە"

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تۆمەتباران پارێزەریان بۆ دابین نەکراوە، هەروەها بەڵگەنامەی دادگاییکردنەکانیان پێنادرێت و ئاگادار ناکرێنەوە لەوەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

لای خۆیەوە دوعا دەهینی، توێژەر لە ڕێکخراوی ئەورووپی- سعوودی بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێی وایە کە "ناتوانرێت مەبەستی ڕاستەقینە بزانرێت" لە زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی لەسێدارەدان لە سعوودیە.