ترێی سەردەشت دەنێردرێتە تاران و ئەهواز و عەجەمستان

ترێی سەردەشت
ترێی سەردەشت

ترێی سەردەشت لە بەتامی و جوانی، بازاڕی گەرمە و بۆ تاران و ئەهواز و عەجەمستان دەنێردرێت.

هەموو ساڵێ لە نیوەی دووهەمی دوایین مانگی هاویندا، هەرەوەزی ڕنینەوەی ترێ ڕەشە لە شاری سەردەشتی پارێزگای ورمێ دەستی پێ دەکات، ئەم ترێیە کە خەڵکی ناوچەکە ترێی ئالانیشی پێ دەڵێن، بە شێوەی تەواو ئۆرگانیک و بە بێ بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بەرهەم دێت، هەر بۆیە کوالێتییەکی بەرزی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە.

بەختیار عوسمانی، دانیشتووی گوندی خانەخەلی سەردەشت دەڵێت: ئەو ترێیە لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب تاکو مانگ بۆ مانگ و نیوێکی پایز ڕنینی بەردەوام دەبێت، دواتر بۆ تاران و ئەهواز و عەجەمستانی دەنێرین، ترێکەشمان زۆر باشە و ئۆرگانیکە و دێمەکارە و کیمیای پێ نادەین.

 سەردەشت نزیک پێنج هەزار هێکتار ڕەزی لێیە، 1500 هێکتاری رەزی بەراوە کە لە هەر هێکتارێکی 15 تۆن ترێ بەرهەم دێت و نزیک سێ هەزار و پێنجسەد هێکتاریشی ڕەزی دێمە کە لە هەر هێکتارێکی 8 تۆن ترێ بەرهەم دێت، بەم شێوەیەش چاوەڕێ دەکرێ بەرهەمی ترێ رەشەی سەردەشت ئەمساڵ بگاتە پەنجا هەزار تۆن.

مەحموود مامە، سەرپەرشتیاری کرێکاران گوتی: ترێکانی ناوچەی سەردەشت سێ بۆ چوار جۆر دەبن، تڕیی ڕەش و ترێی سەرقوڵە، لەگەڵ تڕیی ڕەشمیر و ترێی کشمیشی.

ترێکانی ناوچەی سەردەشت هی کوێستانن و دێمین، ترێی زۆر جوانن و ناسراون لە بەتامی و جوانی.

شاری سەردەشت یەکێک لە جەمسەرەکانی بەرهەمهێنانی ترێ ڕەشە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. زیاتر لە 90٪ی ترێی ئەم شارە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران بەڕێ دەکرێ. لەوێ لە کارگەکان لە قوتوو دەکرێ و دەکرێتە شەربەت و دۆشاو و  بە نرخێکی زۆر گرانتر دەفرۆشرێتەوە. نەبوونی کارگەی پیشەسازیی تایبەت بە لە قوتووکردنی ترێ لە سەردەشت، بووەتە هۆی ئەوەی، زۆربەی قازانجی ئەم بەرهەمەی خاوەن ڕەزەکان، بچێتە گیرفانی دەڵاڵان و خاوەنی کارگە پێشەسازییەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران.

Fly Erbil Advertisment