جەلال گەیلانی: هەوڵ دەدەین هەڵبژاردنێکی ئارام و ئاسایی و مۆدێرن بەڕێوە بچێت
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی- هەڵبجە- ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، لە سلێمانی هەڵمەتی دڕاندنی پۆستەر و ناشیرین کردنی پۆستەری کاندیدەکانمان هەیە.
یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، جەلال گەیلانی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی- هەڵبجە- ڕاپەڕین، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی هەڵمەتی دڕاندنی وێنە و پۆستەری کاندیدەکانمان هەیە، بەڵام بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی، هاوکارین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ئاسایی و ئارامی بەڕێوە بچێت.
ئەو بەرپرسە گوتی: سێ بۆ چوار حاڵەتی سکاڵامان هەیە، کە کاندیدەکانمان وێنە و پۆستەرەکانیان لێ کراوەتەوە یان بە جۆرێک ناوناتۆرەی ناشیرین لەسەر پۆستەرەکانیان نووسراوە، ڕێنماییمان کردوون بچنە کۆمیسیۆن سکاڵا تۆمار بکەن.
سەبارەت بە ئازادی بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی ئەو بەرپرسە دەڵێت: ئەو ژینگە ئازاد و فراوانە نییە بۆ کۆی کاندیدەکان و حزبەکان، بە دیاری کراوی بۆ کاندیدەکانی ئێمە، ڕاستە ڕێگریی ئاشکرا نییە، بەڵام سوکایەتیی بە پۆستەری کاندیدەکانمان بە دڕاندن و لێکردنەوە هەیە، ئەو حاڵەتانەمان زۆرە.
جەلال گەیلانی ڕاشیگەیاند "پەیامی بە کاندیدەکانمان ڕاگەیاندووە، ئێمە لەو چوارچێوە مامەڵە دەکەین هەوڵ دەدەین هەڵبژاردنێکی ئارام، ئاسایی و مۆدێرن بێت، بە جۆرێک نەبێت ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی پڕ بکەین لە گرژی، هەرچەندە کۆمەڵێک زیادەڕۆیی بۆ سەر کاندیدەکانمان کراوە، بەڵام بە کاندیدەکانمان گوتووە چاو پۆشی لێ بکەن، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە ئارامی".