حزبوڵلای لوبنانی کوژرانی عەلی کەرکی ڕاگەیاند

پاش دوو ڕۆژ، حزبوڵلای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا، کوژرانی عەلی کەرکی فەرماندەی گرووپەکەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، حزبوڵلای لوبنانی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە فەرماندە حاجی عەلی کەرکی "ئەبو فەزڵ" لەگەڵ کۆمەڵێک لە براکانی لە هەڵمەتێکی تاوانکاریی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا کوژرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەبو فەزڵ لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 1982ەوە سەرکردایەتیی مقاوەمەی ئیسلامیی لە باشوور وەرگرتووە و بەشداریی لە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ دوژمن کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا، بۆمباران کرد.

هەروەها ڕۆژی شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنان و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی هەینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.