لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی: لەسەر سندوقەکانی دەنگدان وەڵامی سەرۆکی یەکێتی دەدەینەوە
لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پەیامی پارتی (ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری)ـە و جووڵە و هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانی دوێنێی سەرۆکی یەکێتیش، تەعبیر لە جەوهەری خۆی دەکات و لەسەر سندوقەکان وەڵامی دەدەینەوە.
لە پەیامەکەی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووە "جووڵە و هەڵسوکەوت و دەربڕینەکانی دوێنێی سەرۆکی یەکێتی لەسەر ستەیج، تەعبیر لە جەوهەری خۆی دەکات و پێویست بە هیچ وەڵامێک ناکات".
هەروەها ئاماژەی داوە، دروشمی پارتیمان (ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری)یە و، لە ڕۆژی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 لەسەر سندوقەکانی دەنگدان وەڵامی دەدەینەوە.
20ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەمەش دوای لە 26ـی حوزەیرانی ڕابردوو، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ی بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، لەلایەن خۆیەوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند، کە لە وادەی دیاریکراودا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن.
سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 کاتژمێر 12ـی شەو بە کاتی هەولێر، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.