بریندارەکەی مزگەوتی ڕەشاد موفتی ڕووداوی تەقەلێکردنی بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە

محەمەد مەولود
محەمەد مەولود

مامۆستا محەمەد مەولود، تەمەن 56 ساڵ ناوبژیوانی دەمەقاڵییەکی نێوان شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و چەکدارەکانی، لەگەڵ عەلی قەهاری خاوەن پرسەکەی مزگەوتی ڕەشاد موفتی کردووە، کەچی بە تەقەی شاڵاو کۆسرەت و چەکدارەکانی برینداربووە.

محەمەد مەولود بۆ کوردستان24 گێڕایەوە و گوتی: من چوومە پرسەیەک کە هی ماڵی لیوا قەهار بوو لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی هەولێر، شاڵاو کۆسرەت بەخۆی و جەماعەتی هاتنە ژوورێ، خاوەن پرسەکە کە ماڵی لیوا قەهارن، گوتیان: ئەوە پرسەی ئێمەیە و بۆ هاتوونەتە پرسەی ئێمە، لەسەر ئەو قسەیە دەمەقاڵی لەنێوان خاوەن پرسە و شاڵاو کۆسرەت و چەکدارەکانی دروستبوو، دەڵێت:  پاسەوانێکی شاڵاو کۆسرەت شەقێکی لە کاک عەلی قەهار دا، دوای ئەوە هەموو دەمانچەیان دەرهێنا، ئەمنیش پێیانم گوت: ئەو هەموو خەڵکە لێرەیە چۆن چەک ڕادەکێشن، گێڕایەوە و گوتی: ئەوان هەڕەمەکی تەقەیان کرد، لە ژوورەوە هەندێک تەقەیان کرد، پاڵم پێوەنان و گووتم بڕۆنە دەرەوە و هەتا دەرەوەم بردن، لەبەر دەرگە شاڵاو و پاسەوانەکان تەقەیان لەمن کرد.

لەکاتی بەسەرکردنەوەی دۆخی تەندروستی مامۆستا محەمەد مەولود، دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا دۆخی مامۆستا محەمەد مەولود جێگیرە، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی، شکان و برینی هەیە، گوتی: سەرەتا کە مامۆستا محەمەدیان هێنایە نەخۆشخانە، بارودۆخی ناجێگیر بوو، بەڵام ئێستا دۆخی جێگیرە، دەبێت چاودێریی بکرێت، دکتۆرەکان پلانیان داناوە دوو سبەی نەشتەرگەریی بۆ بکەن.

دووشه‌ممه‌، 30ـی ئه‌یلوولی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، بنه‌ماڵه‌ی قه‌هار سابیر عه‌لكه‌ پرسه‌یان له‌ مزگه‌وتی ڕه‌شاد موفتی له‌ هه‌ولێر هه‌بووه‌ و "شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ" به‌بێ ئاگه‌داركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ چووه‌ته‌ پرسه‌كه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن پرسه‌كه‌وه‌ پێیان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ پرسه‌كه‌ به‌ جێ بهێڵێت و ڕازی نین به‌ چوونی بۆ پرسه‌كه‌ و دڵنه‌واییكردنیان، چونكه‌ له‌ ڕابردوودا دوو كه‌سی ئه‌و ماڵه‌ی پرسه‌یان هه‌بووه‌، به‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی شاڵاو كۆسره‌ت "شه‌هید" كراون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا مشتومڕ دروست بووه‌ و پاسه‌وانه‌كانی شاڵاو كۆسره‌ت به‌بێ ڕێزگرتنی حه‌ره‌می مزگه‌وت و له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی خاوه‌نی پرسه‌كه‌، هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر خاوه‌نی پرسه‌كه‌ و ته‌قه‌یه‌كی زۆریان كردووه‌ و خاوه‌نی پرسه‌كه‌یان بریندار كردووه‌.